وەزارەتی دەرەوەی رووسیا: یۆرانیۆمی ئێران بژاردەیەکی سەر مێزی گفتوگۆیە

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژە بەوە دەکات، خوازیارین هه‌نگاوێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئێران و ئه‌مریكا بنرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند:: گواستنەوەی یۆرانیۆمی ئێران بژاردەیەکی سەر مێزی گفتوگۆیە، تەنیا ئێران مافی ئەوەی هەیە بڕیار لە گواستنەوەی یۆرانیۆمی وڵاتەکەی بدات.

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، خوازیارین هه‌نگاوێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئێران و ئه‌مریكا بنرێت.

هاوکات، لەبارەی دانووستانی نێوان ئەمریکا و ئێران،  دوێنێ سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا.

رۆژی دووشەممە، ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئیستانبوڵ کۆدەبێتەوە و ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی تاوتوێ دەکات.

لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەیەکی عەرەبییەوە بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە ڕۆژی هەینی داهاتوو دانوستانی ئەتۆمی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سەڵتەنەی عوممان بەڕێوەبچێت. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی ترەمپ رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر داواکەی تاران بۆ گواستنەوەی دانوستانەکان لە تورکیاوە و بۆ سەڵتەنەی عوممان