هەولێر؛ فیلمی سینەمایی 'ماریانە' نمایش کرا
بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای هەولێر، لە درێژەی چالاکییەکانیاندا، لە چوارچێوەی پرۆژەی 'سینەما و جەماوەر' فیلمی سینەمایی 'ماریانە'کە لە نووسین و دەرهێنانی رەفیق حەنا، لە نمایشێکی تایبەتدا لە ئیمپایەر سینەما، نمایش کرد.
چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر، دەربارەی نمایشکردنی فیلمەکە، بە کوردستان24ـی راگەیاند "چیرۆکی فیلمی سینەمایی 'ماریانە' کۆمەڵایەتییە و بەزمانی سریانیی و ژێرنووسی کوردییە. جیاوازی ئەم فیلمە لەگەڵ فیلمەکانی دیکە، ئەوەیە کە دونیایەکی دروست کردووە لە منداڵ. واتە هەموو کاراکتەرەکان منداڵن، بەڵام رۆڵی گەورەساڵان، وەکوو بەڕێوەبەری پۆلیس و قوتابخانە، دادوەر و شۆفێر دەبینن.
شاخەوان مستەفا گوتیشی: ئێمە بەباشی دەزانین ئەو جۆرە فیلمانە هەبێت، چونکە ئێمە دەرگامان بۆ هەموو چین و توێژێک کراوەیە، جا کورد بێت یان لە نەتەوەیەکی تر بێت. چونکە پەیامی کوردستان پەیامی پێکەوە ژیانە، بۆیە هەموو پێکهاتەکان کە هونەرمەندن، ئەگەر پرۆژەی هونەرییان هەبێت، بەتایبەت لەبواری فیلم، ئێمە دەرگایان بۆ دەکەینەوە و خزمەتیان دەکەین وەک چۆن خزمەتی هەر تاکێکی تر دەکەین.
بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای هەولێر، لە چوارچێوەی پرۆژەی 'سینەما و جەماوەر' هەموو چوارشەممەیەک، بێبەرانبەر، فیلمێکی سینمایی لە لە ئیمپایەر سینەما، نمایش دەکات.