بازرگانانی ئۆزپاکستان و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانیان فراوان دەکەن
مالیکۆڤ سەرۆکی کۆمەڵەی هەناردەکاران و پیشەسازی نەوتی چڕ لە ئۆزباکستان رایگەیاند: قەبارەی بازرگانیمان لەگەڵ عێراق بە گشتی 80 ملیۆن دۆلارە، دەمانەوێت ئەمە زیاتر بکەین، هاوکات دەمانەوێت پەیوەندییەکانی نێوان بازرگانانی ئۆزباکستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر بەرەوپێش ببەین.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، یارکین مالیکۆڤ سەرۆکی کۆمەڵەی هەناردەکاران و پیشەسازی نەوتی چڕ لە ئۆزباکستان دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر رایگەیاند، بە شاندێکی فراوان لە 50 بازرگان لە هەشت بواری جیاواز هاتووەینەتە هەرێمی کوردستان، هەوڵ دەدەین پەیوەندییەکی باشتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست بکەین.
یارکین گوتیشی: قەبارەی بازرگانیمان لەگەڵ عێراق بە گشتی 80 ملیۆن دۆلارە، دەمانەوێت ئەمە زیاتر بکەین، هاوکات دەمانەوێت پەیوەندییەکانی نێوان بازرگانانی ئۆزباکستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر بەرەوپێش ببەین و دەمانەوێت کاڵای زیاتری وڵاتەکەمان هەناردەی کوردستان بکەین.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، دەمانەوێت خاوەنکار و بازرگانانیش بەهەمان شێوە سەردانمان بکەن و پێشوازییان لێبکەین، لەو چوارچێوەیەشدا بانگهێشتنامەی فەرمیمان ئاراستەی ژووری بازرگانی هەولێر کرد.
یارکین مالیکۆڤ باس لەوە دەکات، دەمانەوێت بەرهەمەکانی کوردستانیش هەناردەی ئۆزباکستان بکەین، حکوومەتەکەمان پاڵپشتی لە وەبەرهێنانی بیانی دەکات، هیوادارین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق و کوردستان لەرێگەی بازرگانان و خاوەنکارەکانمانەوە زیاتر بەرەوپێش ببەین.