كریستیانۆ رۆناڵدۆ بیر لە گەڕانەوەی بۆ ئەورووپا دەكاتەوە

كریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی یانەی نەسری سعوودیە
كریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی یانەی نەسری سعوودیە

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی پەیوەندی بە مەشقەكانی نەسری سعوودیە كردەوە، بەڵام بیر لەوە دەکاتەوە، خولی سعوودیە جێبهێڵێت و جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ئەوروپا.
دوای ئەوەی بەهۆی ناڕەزایەتی بەرامبەر چاڵاکی یانەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بایکۆتی یاری و راهێنانەکانی یانەی نەسڕ کرد، بەڵام ئەمڕۆ گەڕایەوە راهێنانەكانی یانە سعوودییەكە.
 رۆژنامەی ریکۆردی پۆرتوگاڵی بڵاویکردووەتەوە، كریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بیر لەوە دەکاتەوە، هاوینی داهاتوو ریزەکانی یانەی نەسڕ جێبهێڵێت و جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ئەوروپا.
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی سعوودیش بڵاویکردەوە، بەرپرسانی یانەکە توانیویانەی رۆناڵدۆ رازی بکەن و ئەو یاریزانە گەڕاوەتەوە راهێنانەکانی یانەکەی، بەڵام دیار نییە بۆ یاری داهاتووی یانەکەی بەرامبەر ئیتیحاد ئامادەبێت.
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانیش بڵاویکردووەتەوە، کریستانۆ رۆناڵدۆ لە گەڕانەوەی بۆ ئەوروپا ئامانجی ئەوەیە پەیوەندی بە یانەیەکی پرێمەرلیگ بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا دیارنیە کامە یانەی ئەو خولە هەوڵی گواستنەوەی بۆ دەدات.