ئانۆ جەوهەر لە واشنتن دۆخی پێکهاتەکان و کەمینەکانی عێراق و سووریا تاوتوێ کرد

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە لووتکەی جیهانیی ئازادییە ئاینییەکان لە واشنتن کرد.

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "لە پەراوێزی لووتکەی جیهانیی ئازادییە ئایینییەکان، بەشداریم کرد لە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی فەرمیی جیاواز کە لەلایەن (IPP) بۆ مافەکانی ئازادیی ئایین و بیروباوەڕ رێک خرابوو."

ئانۆ جەوهەر، دەڵێت: لەگەڵ مارک وۆڵکەر، راوێژکاری سەرەکی بۆ کاروباری ئازادیی ئایینی جیهانی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و کۆمیسارانی کۆمیسیۆنی ئەمریکی بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتیUSCIRF، گفتوگۆی وردمان کرد لەسەر ئەو ئاڵنگارییە مرۆییانەی کە رووبەڕووی کریستیان و ئێزیدی و سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکە دەبنەوە لە عێراق و سووریا.

 

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی راگەیەنراوەکەیدا دەڵێت: لە کۆبوونەوەیەکی فەرمی لەگەڵ دێریک لایتن، بەڕێوەبەری دەستەی هاوبەشیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی (HDP) و خاتوو لێسلی ریگان، جێگری بەڕێوەبەر، باسمان لە ئەرکەکانی دەستەکە کرد، کە بریتین لە بەهێزکردنی حوکمڕانیی دیموکراسی لە رێگەی چەسپاندنی شەفافییەت، لێپرسینەوە، سەروەریی یاسا، فرەیی و پاراستنی مافی کەمینەکان، هەروەها بونیادنانی تواناکانی پەرلەمان لە رێگەی پشتیوانیی پەرلەمانتارەکان لە پەرەپێدانی یاسادانان و کاراکردنی کاری لیژنەکان و بەهێزکردنی چاودێریی بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن.

ئانۆ جەوهەر، لەکوتایی راگەیەنراوەکەیدا، دەڵێت: بە فەرمی بانگهێشتی هەریەک لە راوێژکاری سەرەکی بۆ کاروباری ئازادیی ئایینی جیهانی و کۆمیسارانی کۆمیسیۆنی ئەمریکی بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەری دەستەی هاوبەشیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی کرد، بۆ بەشداریی لە 'رۆژی نیشتمانیی نزا و پاڕانەوەی کوردستان' کە بڕیارە لە نیسانی داهاتوودا، بە چاودێری و ئامادەبوونی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، لە هەولێر بەڕێوە بچێت.