فوئاد حوسێن: عێراق دەیەوێت بە دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکات

فوئاد حوسێن ،وەزیری دەرەوەی عێراق، سەردانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ عێراق و ناوچەکەی بە گرنگ وەسفکرد و ئاماژەی بەوەدا دۆخەکە هەستیارە و پێویستی بە چارەسەرە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا ژان نۆێل بارۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە بە‌غدا رایگەیاند: ئەمە دووەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسایە بۆ بەغدا، سەردانەکەی ئەمجارە زۆر گرنگە، چونکە ناوچەکە و عێراقیش بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێن.

گوتیشی: دوای ئەوەی لە عێراق پرۆسەی هەڵبژاردنمان بە سەرکەوتووانە بەڕێوەبرد و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانیش بەشداری پرۆسەکەیان کرد، ئێستا دەسەڵاتی یاسادانان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکان لە هەوڵی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراقدان و دواتر حکوومەتی نوێی پێکبهێنن.

فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە دا، سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی بۆیە لەم کاتەدا گرنگە، چونکە هێزی چەکوش هاتووەتە ناوچە و ئەگەری جەنگ لە ئارادایە، بۆیە دۆخەکە پێویستی بە چارەسەرە،.

باس لەوە کرد، بە هاوتا فەرەنسییەکەم راگەیاند، کە عێراق هەمیشە هەڵوێستی ئاشیخوازانەی هەیە و دەیەوێت کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن، بۆ ئەمەش پشتیوانی حکوومەتی عێراقمان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا راگەیاندووە، چونکە زمانی هەڕەشە و توند خزمەتی هیچ لایەنێک ناکات.

فوئاد حوسێن رایگەیاند: دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی کۆدەبێتەوە.