رووسیا و ئۆکرانیا ژمارەیەک دیلییان ئاڵوگۆڕ کرد
بە نێوەندگیری ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی, ئۆکرانیا و رووسیا ژمارەیەک دیلییان ئاڵوگۆڕ کرد.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا دوای دانوستانە سێ قۆڵییەکان کە لە ئەبوزەبی بەڕێوەچوو، گەڕانەوەی 150 سەرباز و حەوت هاووڵاتەکەی لە رووسیا پشتڕاستکردەوە.
لە ئاڵوگۆڕەکەدا سەرباز و پاسەوانی نیشتمانی و سنوور پێکهاتبوون کە لە چەند بەرەیەک لە ڕۆژهەڵات و باشوور دەستگیر کرابوون.
هەرچەندە رووسیا ژمارەی ئەو سەربازە دیلانەی ئاڵوگۆڕی کردوون ئاشکرای نەکردووە، بەڵام باس لەوە دەکرێت ژمارەکەیان لەگەڵ دیلەکانی ئۆکرانیا هاوتایە.
ئەم ئاڵوگۆڕە بەشێکە لە خولێکی نوێی دانوستانەکان بە پاڵپشتی ئەمریکا بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە شەڕ، کە چوار سالە بەردەوامە و پێشکەوتنی سنوورداری بەخۆیەوە بینیوە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و 500 بۆ سێ هەزار و 700 دیلی ئۆکرانی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان
رووسیاش بە هەمان شێوە هەزاران سەربازی خۆی وەرگرتووەتەوە، هەرچەندە مۆسکۆ کەمتر ئاماری ورد بڵاو دەکاتەوە.