گرۆسی: ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئامادەیە پشکنەران بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بنێرێت

بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، راگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نایەوێت هیچ جۆرە چالاکییەکی ئەتۆمی لە ئێراندا ببینێت.

هەینی 6ـی شوباتی 2026، رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئامادەیی بەردەوامی ئاژانسەکەی راگەیاند بۆ ناردنی پشکنەرەکانی بۆ ئێران بە مەبەستی پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکان.

گرۆسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (ڕووسیا 24) گوتی: "بێگومان، پشکنەرەکانمان هەمیشە ئامادەن بچنە ئەوێ، وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، ئەوان لە ئێستادا پشکنین بۆ چەند شوێنێکی بچووک لەوێ دەکەن، بەڵام ئامادەن لە هەر ساتێکدا بێت مامەڵە لەگەڵ شوێنە گرنگترەکاندا بکەن".

گرۆسی ئاماژەی بەوە شکردووە، هەڵوێستی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەبارەت بە ئێران بریتییە لە گەڕاندنەوەی لایەنەکان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و گەیشتن بە رێککەوتنێک کە رێگە بدات بە گەڕانەوەی تەواوەتیی پشکنەرانی ئاژانسەکە بۆ ناو ئێران، گوتیشی،"پێویستمان بەوەیە لەو بنبەستە دەربچین کە دوای شەڕی 12 رۆژەی مانگی حوزەیرانی رابردوو تێیکەوتووین، کاتێک هەمووان دەزانن شتێک هەیە، بەڵام ناتوانن هیچ لەو بارەیەوە بکەن".

ئەم قسانەی رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، دوای ئەوە هات، هەینی 6ـی شوباتی 2026، تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران رایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکی بە نێوەندگیری عومان لە مەسقەت کۆتاییهات و ئەگەری هەیە شاندی دانوستانکاران بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان.

هاوکات بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە، ئەگەری هەیە ئێران بۆ ماوەیەکی درێژ بەرنامە ئەتۆمییەکەی رابگرێت، لە بەرانبەردا ئەمریکا سزاکانی سەر ئێران هەڵدەگرێت.

هەروەها میدیاکانی عومان لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەی ئاماژەیان داوە، گفتوگۆکان تیشکیان خستووەتە سەر چوارچێوە و مەرجەکانی دانوستاندن و چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان بە شێوەیەکی چڕوپڕتر بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی، ئەمڕۆ کاتژمێر 09:45 خولەکی بەیانی عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەدر حەمەد ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان کۆبوونەوە.

هەروەها کاتژمێر 11:45 خولەک، کۆبوونەوەی نێوان ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمریکا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عومان، دەستی پێکرد، هاوکات کاتژمێر 12:00 گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی ئەمڕۆ کۆتاییهات

بەگوێرەی ئاژانسەکە، کاتژمێر13:16 خولەک تاوەکوو 14:21 گفتوگۆی نێوان عەباس عراقچی لەگەڵ بەدر ئەلبوسەعیدی دەستی پێکردووەتەوە و کاتژمێر 16:50 خولەک شاندی دانوستانکاری ئێران گەڕاونەتەوە شوێنی حەوانەوەیان لە مەسقەت.