هۆشیار زێباری: کۆبوونەوەی داهاتوو نێوان ئەمریکا و ئێران یەکلاکەرەوە دەبێت
هۆشیار زێباری دۆسیەی ئەتۆمی بە ئاڵۆز و پڕ لە وردەکاریی تەکنیکی وەسف دەکات و دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی دانوستانەکانی ئەمڕۆی مەسقەت بە ئاراستەی خێر ڕۆیشتوون، بەڵام تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە و ئەنجامی کۆتایی لە گەڕی داهاتووی گفتوگۆکاندا دەردەکەوێت.
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەژمار خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لە پەیامێکدا هەڵسەنگاندنی بۆ ئەنجامی گفتوگۆکانی ئەمڕۆی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عومان کرد.
هۆشیار زێباری نووسیویەتی: دانوستانەکانی ئەمڕۆی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مەسقەت، بە باشی بەڕێوەچوون بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕاگرتنی هەڵکشانی سەربازیی ئێستا.
المفاوضات الأمريكية -الإيرانية اليوم في مسقط-عمان مضت على خير لتخفيف التوتر و التصعيد العسكري الراهن. إلا ان الشيطان يكمن في التفاصيل خاصة وان معالجة الملف النووي ، وحسب تجربتنا السابقة ، يشمل الكثير من التفاصيل الفنية ،العلميةوالعملياتيه.لذا اللقاء القادم سوف يكون الأهم والفيصل.
— Hoshyar Zebari (@HoshyarZebari) February 6, 2026
سەبارەت بە ئاڵۆزیی پرۆسەکە، هۆشیار زێباری هۆشداری دەدات و ڕایگەیاندووە، "سەرەرای ئەوەی دانوستانەکان باش بەڕێوەچوون، بەڵام شەیتان لە وردەکارییەکاندایە، بەتایبەتی کە چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمی، بەپێی ئەزموونی پێشوومان، ژمارەیەکی زۆر وردەکاریی هونەری (تەکنیکی)، زانستی و کردەیی لەخۆدەگرێت."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، جەخت دەکاتەوە، گەڕی داهاتووی دانوستانەکان گرنگترین دەبێت و نووسیویەتی: بۆیە کۆبوونەوەی داهاتوو گرنگترین و یەکلاکەرەوە دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکی بە نێوەندگیریی عومان، دوای بەڕێوەچوونی دوو گەڕ کۆتاییهات و ئەگەری هەیە شاندی دانوستانکاران بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان.