ترەمپ: ئێران زۆر حەز دەکات رێککەوتنمان لەگەڵ بکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، لە عومان، شاندی ئێمە گفتوگۆی زۆر باشی لەگەڵ ئێرانییەکان کرد، سەرەتای هەفتەی داهاتووش جارێکی دیکە کۆ دەبینەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کاتێک بە فڕۆکەی سەرۆکایەتیی  Air Force One بەرەو مارلاگۆ لە فلۆریدا دەچوو، بە رۆژنامەنووسانی گوت: گفتوگۆی زۆر باشمان سەبارەت لەگەڵ ئێرانییەکان کرد و وا دیارە ئێران زۆر حەز دەکات لەگەڵمان رێک بکەوێت؛ سەرەتای هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆ دەبینەوە."

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کە سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکرد بۆ گفتوگۆکان، لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران ستایشی 'کەشی زۆر ئەرێیی' گفتوگۆکانی کرد و گوتی: بەڵگەکانمان ئاڵوگۆڕ کرد و لایەنی بەرامبەرمان لە بۆچوونەکانمان ئاگادار کردەوە.

عراقچی، هەروەها ئاماژەی بەوەش دا "هەردوو لا رێککەوتوون لەسەر بەردەوامیی دانوستانەکان."

وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی کردەوە لەوەی "گفتوگۆکان تەنیا لەسەر دۆسییەی ئەتۆمی دەبن و ئێمە لەگەڵ ئەمریکییەکان باس لە هیچ دۆسیەیەکی دیکە ناکەین."

 لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان جەخت دەکاتەوە لەسەر پێویستیی ئەوەی گفتوگۆکان بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکان و پاڵپشتیی ئێران بۆ گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەش بگرێتەوە. 

 

عراقچی، هەروا داوای لە واشنتن کرد چیدی هەڕەشە لە ئێران نەکات، بۆ ئەوەی رێگە بە تەواوکردنی گفتوگۆکان بدرێت. ئەو، روونیشی کردەوە "دانوستانکاران، دوای راوێژ لەگەڵ پایتەختەکانیان، بڕیار لەسەر داهاتووی کۆبوونەوەکان دەدەن."

تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند، گفتوگۆکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەڕێوە دەچن؛ لە کاتێکدا وەزارەتی دەرەوەی عومان، وێنەی بەدر بن حەمەد ئەلبوسعیدی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بڵاو کردەوە کە بە جیا لەگەڵ هەردوو شاندەکە کۆ دەبێتەوە.

بەڵام ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی، لە زاری دوو سەرچاوەوە بڵاوی کردەوە  "گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان عێراقچی و ویتکۆف و کوشنەر لە مەسقەت بەڕێوە چووە."

 وەزیری دەرەوەی عومان، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی "گفتوگۆکان زۆر جددی بوون؛ تێیدا هەڵوێستی هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریکی و دیاریکردنی بوارەکانی بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان، روون کرایەوە."

واشنتن، ماوەیەکی کەم دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکانی دوێنێ، سەپاندنی سزای نوێی بەسەر کەرتی نەوتی ئێراندا راگەیاند کە 15 قەوارە و دوو کەس و 14 کەشتیی گرتەوە.

پێشتر، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی کردبووەوە لەوەی "وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ بەرگریی لە سەروەری و ئاسایشی نەتەوەیی خۆی لە بەرامبەر هەر داواکارییەکی زیادەڕۆ یان سەرکێشییەکی ئەمریکی."

 کارۆلاین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، پێنجشەممە، 5ـی شوبات، رایگەیاند "شاندی ئەمریکی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەکات بۆ سفرکردنی توانای ئەتۆمیی ئەو وڵاتە و سەرۆک ترەمپ، جگە لە دیپلۆماسی، چەندین بژاردەی دیکەی لەبەر دەستدایە."

گفتوگۆکانی ئەم جارەی نێوان ئەمریکا و ئێران، لە سایەی نیشاندانی تواناکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاتنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن و گرووپە دەریاییە هێرشبەرەکەی بۆ ناوچەکە، بەڕێوە دەچن.

 لە کاتێکدا ئێران هەڕەشەی پەلاماردانی بنکەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە کردووە ئەگەر هێرشی بکرێتە سەر.