بەهۆی باجەوە نرخی بەرهەمی كشتوكاڵی هاوردە لە كەركووك بەرزبووەتەوە

جگە لە کولەکە و پەتاتە، سەرجەم بەرووبوومەکانی ئەم فرۆشیارە هاوردەکراون، باج و سەرانەی بازگەکانیش نرخەکانی بەرزکردووەتەوە و سەرەنجام فرۆشیارەکان لە هاوڵاتیانی وەردەگرنەوە.

موراد عوبەیدی، فرۆشیاری میوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، پەتاتە و کولەکەمان هەیە، ئەگەر سنوورەکان دابخرێن هیچمان نییە بیخۆین، تەماتەی ئێرانی پێشتر بە 450 دینار بوو، ئێستا باج خراوەتە سەری بە 750 دینارە و ناچارین بە 1000 دینار بیفرۆشینەوە و زیاتریش گران دەبێت، چونکە لە بازگەکان تا کەرکوک پارەمان لێ وەردەگرن.

نەبوونی پاڵپشتی حکوومەت بۆ جوتیاران وایکردووە بەرهەمی خۆماڵی کەم بێت و دوای ماندووبوونێکی زۆر سەرەنجام جووتیاران لەبری قازانج، زیانمەند دەبن.

فەرمان جەمال، جووتیار گوتی: ئەمساڵ ئەوانەی خەیاری خۆماڵییان چاند، حکوومەت پشتیوانی نەکردن، جووتیار هەبووە 50 ملیۆن دینار زیانی کردووە، خەیارەکەی هەمووی فڕێدا، چونکە هەموو خەرجییەکەی لە ئەستۆی خۆی بوو، تۆوی گرانە، کیمیایی گرانە، ئەم شتانە گرانن، بەڵام ئەگەر حکوومەت نیوەی خەرجیەکەی بدات، شتەکان جیاوازییان دەبێت لە بازاڕدا.

عائد حوسێن، جووتیار دەڵێت، یان قازانج ناکەین یان زەرەر دەکەین، ساڵی رابردوو تەماتەمان چاندبوو، کیلۆی 150 دیناری دەکرد، هەموومان فڕێدا، بەرهەمی خۆماڵیمان فەرامۆش کراوە و لە دەرەوە هاوردەی دەکەن.

عێراق لە ساڵی رابردوودا بە بڕی زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار سەوزە و میوەی هاوردەکردووە، لە کاتێکدا رووبەرێکی زۆری زەوی ساڵانە بەکارناهێنرێت.

عێراق 28 ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە و پشتی بە هاوردەکردنی بەرووبوومی دەرەوە بەستووە. یەکێک لە بیانووەکان ئەوەیە ئاوی ژێرزەوی کەمبووەتەوە، بەڵام جووتیاران ئەوە رەتدەکەنەوە و دەڵێن بابەتەکە سیاسییە و بۆ خزمەتکردنی وڵاتێکی دراوسێیە.