کوردستان24 زانیاری لەبارەی گواستنەوەی زیندانیانی داعش بۆ عێراق دەخاتەڕوو

(وێنە؛ ئەرشیف، چەکدارانی داعش لە گرتوخانەیەک)
(وێنە؛ ئەرشیف، چەکدارانی داعش لە گرتوخانەیەک)

هێزەکانی ئەمریکا لە گواستنەوەی زیندانیانی داعش بەردەوامن و ئەمڕۆ کاروانێکی دیکەی زیندانیان لە حتینەوە بەڕێکەوتووە کە لە شەش پاس پێکهاتووە. 

بەگوێرەی زانیاریی تایبەتیی کوردستان24 پڕۆسەی گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق لە لایەن ‌‌هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامە و لە کۆی حەوت هەزار زیندانی تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزاریان لە رێگەی چەند کاروانێکەوە، کە هەر کاروانێک لە شەش پاس پێکهاتووە گوازراونەتەوە، ئەمڕۆش هێزەکانی ئەمریکا کاوانێکی دیکەیان لە ناوچەی حتین بەرەو زوور بەڕێکردووە.

ئەم پڕۆسەیە لە ژێر چاودێریی و پاسەوانی تووندی هێزەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و لە ئاسمانیشەوە چاودێڕی پڕۆسەکە دەکرێت.

ژمارەی ئەو چەکدارانەی داعش کە دەگەڕێنرێنەوە زیاتر لە 7 هەزار کەسن. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە 26ـی کانوونی دووەمی رابردوو، پلانێکی تۆکمە و لیژنەیەکی ئەمنیی یەکگرتووی بۆ سەرپەرشتیکردنی گواستنەوەی سەرجەم ئەندامانی داعش لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ عێراق پەسەند کردووە.