گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ: پلانی حکوومەت پشت بە بەرهەمی ناوخۆ دەبەستێت

(وێنە؛ هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ) ستۆدیۆی کوردستان24
(وێنە؛ هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ) ستۆدیۆی کوردستان24

ئەمڕۆ شەممە، 7ـی شوباتی 2026، هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، کە حکوومەتی هەرێم بایەخێکی تایبەت بە بەرهەمی ناوخۆ دەدات و هەوڵدەدات لە ڕێگەی پلانێکی تۆکمەوە هەرێمی کوردستان بگەیەنێتە ئاستی خۆبژێوی لە زۆربەی بەرهەمە سەرەکییەکاندا.

گوتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 450 هەزار تۆن پەتاتە هەیە بۆ خواردن، بەڵام ئێستا ئاستی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە نزیکەی 700 هەزار تۆن. ئەمەش وایکردووە نەک تەنیا پێداویستی ناوخۆ پڕبکرێتەوە، بەڵکو بەرهەمی پەتاتەی کوردستان هەناردەی وڵاتانی کەنداو و ئەوروپا بکرێت.

هیوا عەلی جەختی لەوە کردەوە کە وەزارەتی کشتوکاڵ وەرزنامەی کشتوکاڵی هەیە و لەو وەرزانەی کە بەرهەمی ناوخۆیی تێیدا زۆرە، هاوردەکردنی هەمان بەرهەم لە دەرەوە قەدەغە دەکرێت، وەک نموونەی تەماتە و پەتاتە و بەرهەمە وەرزییەکانی تر، ئەمەش بە ئامانجی پاراستنی جووتیاران لە زیانی دارایی و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان.

سەبارەت بە ناردنی بەرهەمەکان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق، گوتەبێژی وەزارەت گوتی: "پێشتر گرفت و باجی نایاسایی هەبوو، بەڵام ئێستا لە ڕێگەی لیژنەیەکی تەکنیکی و فۆرمێکی یەکگرتووەوە، بەرهەمی جووتیارانی هەرێم بە ئاسانی دەگاتە بازاڕەکانی تری عێراق. ڕۆژانە نزیکەی 10 هەزار تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێم دەچێتە شارەکانی عێراق."

وەزارەتی کشتوکاڵ کاردەکات بۆ ئەوەی لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا بەرهەمی ناوخۆیی هەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش هانی جووتیاران دەدەن بۆ بەکارهێنانی سیستمی هایدرۆپۆنیک و خانووی پلاستیکی و دروستکردنی کۆگای ساردکەرەوە بۆ هەڵگرتنی بەرهەمەکان، تاوەکو لە کاتی نزمبوونەوەی بەرهەمهێنانیشدا بازاڕ پێویستی بە هاوردە نەبێت.

هیوا عەلی گەشبینی خۆی نیشان دا بە وەرزی دروێنەی گەنمی ئەمساڵ بەهۆی بارانبارینی باشەوە و ئاماژەی بەوە کرد؛ هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ هەیە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە ڕێگەی سایلۆکانەوە بە نرخێکی گونجاو.