بەهۆی باجەکانی ئەمریکا، کەنەدا نزیکەی 25 هەزار هەلی کاری لەدەستدا
مانگی رابردوو بەهۆی کاریگەریی باجە گومرگییەکانی ئەمریکاوە، کەنەدا نزیکەی 25 هەزار هەلی کاری لەدەستداوە، کە زۆرترین زیانیش بەر کەرتی پیشەسازی کەوتووە، سەرەڕای ئەمەش رێژەی بێکاری بۆ 6.5% دابەزیوە.
لەوبارەوە دەستەی ئاماری کەنەدا رایگەیاند، ئابووریی وڵاتەکەیان لە مانگی کانوونی دووەمدا، نزیکەی 25 هەزار هەلی کاری لەدەستداوە، کە ئەمەش پێچەوانەی پێشبینیی ئابووریناسان بووە کە چاوەڕوانی زیادبوونی پێنج هەزار هەلی کاریان دەکرد، ئاماژەی بەوەشدا، گەورەترین زیان بەر کەرتی پیشەسازی کەوتووە.
باجە گومرگییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کاریگەرییەکی نەرێنی گەورەی لەسەر کەرتی ئۆتۆمبێلی کەنەدا هەبووە؛ هەفتەی رابردوو کۆمپانیای "جەنەراڵ مۆتۆرز" 500 کارمەندی دیکەی لە کارگەکەی لە شاری ئۆشاوا دەرکرد، بە گشتی، لە مانگی کانوونی دووەمی 2025ەوە تا مانگی رابردوو، کەرتی پیشەسازی 51 هەزار هەلی کاری لەدەستداوە.
جەنگی بازرگانی وایکردووە کە کارمەندان لەو کەرتانەی پشت بە هەناردە بۆ ئەمریکا دەبەستن، هەست بە ناجێگیری بکەن، راپرسییەکی نوێ دەریدەخات کە %5.4ـی کارمەندانی ئەم کەرتانە پلانیان هەیە لە ماوەی ساڵی داهاتوودا واز لە کارەکانیان بهێنن، کە ئەمەش گۆڕانکارییەکی بەرچاوە بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو کە ئەم جۆرە کارانە بە جێگیرتر دادەنران.