بەنداوی ئاقوبان لە شەقڵاوە سەرڕێژی کرد

بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانە چڕەی لە ماوەی رابردوودا ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، بەنداوی ئاقوبان لە سنووری قەزای شەقڵاوە بەتەواوی پڕبوو و دەستی بە سەرڕێژکردن (سپیڵ وەی) کرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەڤرست رەجەب پەیامنێری کوردستان24، بەنداوی ئاقوبان کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە گوژمەی 8 ملیار و 100 ملیۆن دینار دروست کراوە. ئەم بەنداوە خاوەنی تایبەتمەندییەکی تەکنیکی بەرزە، 31 مەتر بەرزە و ڕووبەرەکەی 400 هەزار مەتری دووجایە، هەروەها توانای گلدانەوەی 2.6 ملیۆن مەتری سێجا ئاوی هەیە.

ئەم پڕۆژەیە تەنیا بۆ گلدانەوەی ئاو نییە، بەڵکو چەندین ئامانجی فرەڕەهەندی لەپشتە، لەوانە: زیادکردنی ئاستی ئاوی ژێرزەوی. هەروەها پەرەپێدانی ئاودێری و بووژانەوەی سامانی ماسی لە ناوچەکەدا. لەگەڵ پاراستنی سروشتی ناوچەکە و رێگریکردن لە مەترسییەکانی لافاو و وەک ناوچەیەکی گەشتیاریی گرنگ لە سنووری شەقڵاوە سوودی لێ دەبینرێت.

سەرڕێژکردنی بەنداوی ئاقوبان هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئاو لە سەرجەم بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی بارانبارینی ئەمساڵەوە، کۆی گشتیی ئاوی گلدراوە لە هەرێمی کوردستان یەک ملیار مەتری سێجای تێپەڕاندووە، ئەمەش وەک مژدەیەکی دڵخۆشکەر بۆ جووتیاران و هەنگاوێکی گرنگ بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و پاراستنی ژینگە سەیر دەکرێت.