سوپاسالاری ئێران: هێرش بکرێتە سەر ئێران، شەڕ تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە

سوپاسالاری ئێران
سوپاسالاری ئێران

ئەمڕۆ شەممە، 07ـی شوباتی 2026، عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسالاری ئێران رایگەیاند، "دەستپێشەخەری جەنگ نابین، بەڵام هێرش بکرێتە سەر ئێران شەڕ تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە."

سوپاسالای ئێران دووپاتیشی کردەوە، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر وڵاتەکەیان، بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە خۆیان دەکەن. 

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی، 06ـی شوباتی 2026، گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لە نێوان هەردوو شاندی ئێران و ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عوممان بەڕێوەچوو. 

لەوبارەوە، ئەمڕۆ شەممە، 07ـی شوباتی 2026، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە گوتارێکدا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، رایگەیاند، لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە مەسقەتی پایتەختی عومان تەنها لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی دانوستانیان کردووە نەوەک پرسی دیکە. گوتیشی: ئەوە لایەنی ئەمریکی بوو دوای ئەوەی هێرشی سەربازی کردە سەرمان، بەڵام سازشی کرد و گەڕایەوە سەر مێزی دانوستان.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەروو، دانوستانیان لەگەڵ شاندی دانوستانکاری ئەمریکا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بووە. دووپاتیشی کردەوە، "دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابین".

ئەو دیپلۆماتکارە ئێرانییە گوتی "هەرچەندە گفتوگۆکانمان بە شێوەیەکی راستەوخۆ ئەنجام نەدران، بەڵام دەرفەت هەبوو، تەوقە لەگەڵ شاندی ئەمریکی بکەین."

هاوکات عراقچی هۆشداریی دا لە دەرئەنجامەکانی جێبەجێکردنی پلانەکانی ئیسرائیل لە غەززە و گوتی: "ئەگەر پرسی غەززە لە رێگەی دەرکردن، داگیرکاری و وێرانکارییەوە یەکلایی بکرێتەوە، ئەوا کەناری ڕۆژئاوا دەبێتە قوربانیی داهاتوو".