ئەمەریکا ستایشی رێککەوتنی نێوان سعوودییە و سووریا دەکات

نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سووریا پێشوازی لە رێککەوتنە نوێیەکانی نێوان ریاز و دیمەشق دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەم هەنگاوە یارمەتیدەرێکی بەهێز دەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا و جێبەجێکردنی دیدگای سەرۆکی ئەمریکایە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە.

شەممە 7ـی شوباتی 2026، تۆم بەڕاک، نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سووریا، لە پەیامێکدا ستایشی ئەو رێککەوتنە وەبەرهێنانانەی کرد کە لەم هەفتەیەدا لە نێوان سعوودییە و سووریا راگەیەندراون.

بەڕاک ئاماژەی بەوە کردووە، دروستکردنی هاوبەشیی ستراتیژی لە بوارەکانی فڕۆکەوانی، ژێرخان و پەیوەندییەکاندا، بەشێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی سووریادا دەکەن.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، تۆم باراک باسی لە سیاسەتی کۆشکی سپی کردووە و دەڵێت: وەک چۆن سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لێ کردووەتەوە، باشترین رێگە بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیریی ناوچەیی ئەوەیە کە وڵاتانی ناوچەکە خۆیان بەرپرسیارێتیی داهاتووی خۆیان لە ئەستۆ بگرن، ئەم هاوبەشییەش جێبەجێکردنی ئەو پرەنسیپەیە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی وێرانبووی سووریا، هەردوو وڵاتی سعوودیە و سووریا لە دیمەشق زنجیرەیەک رێککەوتنی گرنگیان لە بوارەکانی فڕۆکەوانی، وەبەرهێنان و پەیوەندییەکان واژۆ کردوور. ئەم هەنگاوە وەک وەرچەرخانێکی ئابووری و سیاسی نوێ لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەبینرێت، بەتایبەتی کە سووریا دوای 14 ساڵ لە جەنگ و ململانێ، پێویستییەکی زۆری بە بوژاندنەوەی کەرتە خزمەتگوزارییەکانی هەیە.

لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکان، تەڵال هیلالی، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی سووریا، ئاشکرای کرد کە 5 رێککەوتنی جیاواز لە نێوان هەردوولادا واژۆ کراون. یەکێک لە گرنگترین پرۆژەکان دامەزراندنی کۆمپانیایەکی فڕینی هاوبەشی سووری-سعوودییە بە ناوی ناس سووریا، کە بە گوتەی خالید فالح، وەزیری وەبەرهێنانی سعوودییە، ئامانج لێی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئاسمانییەکان و ئاسانکارییە بۆ جووڵەی گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا.

جگە لە کەرتی فڕۆکەوانی، هەردوو وڵات رێککەوتنێکیان بۆ پرۆژەیەک بە ناوی سیلک لینک واژۆ کرد کە تێچووەکەی دەگاتە 1 ملیار دۆلار. ئەم پرۆژەیە تایبەتە بە پەرەپێدانی ژێرخانی گەیاندن و بەستەرە دیجیتاڵییەکان، کە ئەمەش هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکانی پەیوەندی لە سووریادا. ئەم وەبەرهێنانە گەورانەی سعوودیە لە کاتێکدایە کە ژێرخانی سووریا بەهۆی ساڵانێکی درێژ لە شەڕ زیانی گەورەی بەرکەوتووە و ئەم جۆرە پرۆژانە دەبنە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار و سەرە پێ خستنەوەی کایە ئابوورییەکان.