بەریتانیا هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی "کەشتیگەلی سێبەر"ی رووسیا دەکات

بەریتانیا و هاوپەیمانانی ناتۆ تاوتوێی گرتنەبەری رێوشوێنی سەربازی دەکەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرە رووسیانەی کە بە " کەشتیگەلی سێبەر" دەناسرێن، هاوکات ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێکی نوێ بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی مۆسکۆ و پەرەپێدانی فشارەکان لە دژی ئەو وڵاتە دەبینرێت.

شەممە 7ـی شوباتی 2026، بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی، بەرپرسانی بەرگریی وڵاتەکە لەگەڵ هاوپەیمانانی ناتۆ چەند بژاردەیەکی سەربازییان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە "یاخیبووانە" دەستنیشان کردووە کە بە ئاڵای ساختەوە نەوتی رووسیا دەگوازنەوە، هەروەها ئەم باسە دوای ئەوە دێت کە مانگێک لەمەوبەر ئەمریکا دەستی بەسەر نەوتهەڵگرێکی رووسیدا گرت لە زەریای ئەتڵەسی.

رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، داتاکانی هەواڵگریی "لویدز لیست" ئاشکرای دەکەن کە 23 کەشتیی گوماناوی لە نۆکەندی ئینگلیز و دەریای باڵتیکدا بینراون کە ئاڵای وڵاتانی دیکەیان بە شێوەیەکی نایاسایی بەکارهێناوە.

 ریچارد مید، سەرنووسەری "لویدز لیست" دەڵێت،"ئەم کەشتیانە لەبەر ئەوەی بە کردەیی بێ نەتەوە و ناسنامەن، هێزی دەریایی بەریتانیا دەتوانێت بەپێی یاسا دەریایییەکان دەستیان بەسەردا بگرێت، بەڵام تەنها مەترسیی پەرەسەندنی سەربازی و کاردانەوەی توندی مۆسکۆ وایکردووە تا ئێستا ئەو هەنگاوە نەنرێت".

هەناردەی نەوتی ڕووسیا و کاریگەرییەکان
رووسیا رۆژانە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، کە 5 بۆ 6 ملیۆن بەرمیلی لە رێگەی دەریاوە هەناردە دەکرێت و زۆربەی بۆ بازاڕەکانی چین و هیندستان دەچێت. 

شارەزایان گومانیان هەیە کە دەستبەسەرداگرتنی یەک یان دوو کەشتی بتوانێت گورزێکی کوشندە لە ئابووری مۆسکۆ بوەشێنێت، بەتایبەت کە ئاستی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە هێشتا لە سەرووی 5 ملیۆن بەرمیلدایە لە رۆژێکدا.

هاوکات لەگەڵ هەڕەشە یاسایی و سەربازییەکان، "کەشتیگەلی سێبەر" لە ناوچە جیاوازەکاندا کەوتووەتە بەر هێرشی درۆن و مووشەکی لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە، لە کۆتایی مانگی رابردووەوە 7 کەشتیی نەوتهەڵگر بە درۆن هێرشیان کراوەتە سەر، لای خۆیەوە ئۆکرانیا بەرپرسیارێتی 4 هێرشیانی گرتووەتە ئەستۆ، دیارترینیان هێرشکردنە سەر کەشتیی "قەندیل" بوو لە دەریای ناوەڕاستدا.

ئەم جموجۆڵانەی بەریتانیا و ناتۆ ئاماژەن بۆ قۆناغێکی نوێ لە رووبەڕووبوونەوەی رووسیا، کە تیایدا رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان دەبنە گۆڕەپانی ململانێیەکی توندی سیاسی و ئابووری.