کۆتاییهاتنی پەیماننامەی نیو ستارت مەترسیی کێبڕکێی چەکی ئەتۆمی زیاد دەکات

دوای کۆتاییهاتنی وادەی پەیماننامەی نیو ستارت بۆ سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمی لەنێوان رووسیا و ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا، گرژییەکان لەسەر چەکی ئەتۆمی روویان لە زیادبوون کردووە. شارەزایان هۆشداری دەدەن لە دەستپێکردنی کێبڕکێیەکی نوێ، لە کاتێکدا هەوڵەکانی نوێکردنەوەی رێککەوتنەکە بەهۆی مەرجی لایەنەکانەوە رووبەڕووی بەربەست بوونەتەوە.

لەگەڵ نەمانی کۆت و بەندەکانی پەیماننامەی نیو ستارت، واشنتن هەوڵ دەدات پەکین بەشداری لە هەر رێککەوتنێکی داهاتوودا بکات، لە بەرانبەردا مۆسکۆ داوا دەکات پاریس و لەندەنیش بێنە ناو دانوستانەکانەوە.

چین رەتی دەکاتەوە بچێتە ناو دانوستانەکانەوە و دیپلۆماتکارانی رۆژئاوا دەڵێن پەکین بە ئەنقەست تواناکانی ئاشکرا ناکات. بەپێی خەمڵاندنەکان، چین خاوەنی 600 کڵاوی ئەتۆمییە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2035 ژمارەکە بۆ 1500 بەرز بێتەوە، هەرچەندە ئەم ژمارەیە هێشتا کەمترە لەو 1700 کڵاوی ئەتۆمی کە ئەمەریکا و رووسیا بڵاویان کردووەتەوە.

سەبارەت بە هەڵوێستی رووسیا، گێنادی گاتیڵۆڤ، نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئامادەیی مۆسکۆ بۆ دانوستان بەستراوەتەوە بە بەشداریکردنی بەریتانیا و فەرەنسا وەک دوو هاوپەیمانی ئەتۆمیی ناتۆ. ئەمەش لەلایەن پاریسەوە رەت کراوەتەوە چونکە پێیان وایە دەبنە کارتی فشار بۆ زلهێزەکان.

رۆز گۆتمۆلەر، دانوستانکاری پێشووی ئەمەریکا هۆشداری دەدات کە نەبوونی شەفافیەت و هێڵی پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ چین هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ رووسیا هەیە، مەترسیی هەڵسەنگاندنی هەڵە و هەڵگیرسانی جەنگ زیاد دەکات. جەخت دەکاتەوە تەنانەت ئەگەر رێککەوتنی چەکداریش نەکرێت، دەبێت گفتوگۆ بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان لەگەڵ پەکین دەستپێبکات.

پێنجشەممە، 5ی شوباتی 2026، ماوەی پەیماننامەی سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمیی لە نێوان رووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆتایی هات، بە گوێرەی رێککەوتننامەی 'ستارتی نوێ' کە ساڵی 2010 لەلایەن باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و دیمتری مێدڤێدێڤ، سەرۆکی ئەوکاتی رووسیا، مۆر کرا. رووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی پابەند کرد بە کۆکردنەوەی هەزار و 550 کڵاوەی ئەتۆمیی ستراتیجی. هەر کڵاوەیەک، توانای وێرانکردنی شارێکی تەواوی هەیە.

رێککەوتننامەکە، ژمارەی بۆمبهاوێژ و مووشەکهاوێژە ئەتۆمییەکانی سنووردار کرد و رێگەی بە هەر وڵاتێک دا پشکنینی مەیدانی ئەنجام بدەن بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوون بە بەندەکانی رێککەوتننامەکە.

ئۆباما، سێشەممە، رایگەیاند "کۆتاییهێنان بە کۆتا پەیماننامەی سنووردارکردنی چەک لە نێوان دوو گەورەترین هێزە ئەتۆمییەکەی جیهان "بە ئاسانی بەرەنجامی دەیان ساڵ هەوڵی دیپلۆماسی لەناودەبات و رەنگە پێشبڕکێیەکی نوێی چەکداری هەڵبگیرسێنێت کە ئاسایشی جیهان بخاتە مەترسییەوە."

هەرەسهێنانی پەیماننامەی "ستارتی نوێ" بەو واتایە دێت کە بۆ یەکەمجار لە ماوەی نیو سەدەدا، هیچ سنووردارکردنێک لەسەر کڵاوە ئەتۆمییە جەنگییە ستراتیجییەکانی رووسیا و ئەمریکا نامێنێت و تا ئێستاش هیچ دانوستانێکیش بۆ گەیشتن بە رێککەوتننامەیەکی نوێ، لە ئارادا نییە.