دەوڵەتی یاسا دەنگۆی کشانەوەی مالیکی رەتدەکاتەوە

نووری مالیکی
نووری مالیکی

هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە فەرمی هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە کشانەوەی نووری مالیکی لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن، هاوکات دووپاتی دەکەنەوە کە چوارچێوەی هەماهەنگی هێشتا سوورە لەسەر کاندیدکردنی ناوبراو بۆ ئەو پۆستە.

ئەمڕۆ شەممە 7ـی شوباتی 2026، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لە میدیاکان و ناوەندە سیاسییەکاندا دەربارەی پاشەکشێی نووری مالیکی بڵاوکراونەتەوە.

 هاوپەیمانییەکە روونی کردووەتەوە، سەرجەم ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە، چونکە چوارچێوەی هەماهەنگی بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری کاندیدەکەی نابێت و متمانەی تەواویان بە تواناکانی مالیکی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتوو.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، نووری مالیکی وەک کاندیدی فەرمی و کۆتایی چوارچێوەی هەماهەنگی دەمێنێتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە مالیکی خۆی هیچ جۆرە بڕیار یان نیازی کشانەوەی نییە و سوورە لەسەر بەردەوامبوون لە پرۆسەی سیاسی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بەو پێیەی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانەکانی ئەو وەک گونجاوترین بژاردە دەبینن.

نووری مالیکی کە سەرۆکایەتی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەکات، یەکێکە لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی ناو ماڵی شیعە و پێشتریش لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2014 بۆ ماوەی دوو خولی یەکتری سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە، ئەم پێداگرییەی ئێستای چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتێکدایە کە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بەدەست ململانێی توندەوە دەناڵێنێت و پرۆسەی دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە، بەتایبەت لە سایەی بوونی دیدگای جیاواز لە نێوان کوتلە سیاسییەکاندا لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی پۆستە باڵاکان.