لە هەولێر رۆژانە زیاتر لە 2 هەزار تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە

ساڵی رابردوو، لە ھەولێر لە لایەن سەرۆكایەتی شارەوانی زیاتر لە 684 هەزار تۆن زبڵ و خاشاک كۆكراوەتەوە. بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان، قەبارە و بڕی زبڵ و خاشاک لە شارەكە لە ئاستی ستانداردی جیھانیدایە، ئەمەش دەرفەتی بەهێزە دەرەخسێنێت بۆ پاراستنی ژینگە و بەهێزکردنی سیستەمی گواستنەوەی زبڵ و خاشاك.

کارمەندانی ژینگەپارێز بەیانی زوو دەست بەکار دەکەن بۆ پاککردنەوەی شەقام و گەڕەکەکان، کارەکەیان سەختتر بووە بەهۆی زۆری قەبارەی زبڵ و خاشاک، زۆرجار بەهۆی زۆربوونی پاشماوەکانەوە رووبەڕووی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی دەبنەوە.

شیوان جەمال، خاوەنی کۆمپانیا بە کوردستان24ـی راگەیاند،  پێشتر هەفتەی دوو رۆژ زبڵمان کۆدەکردەوە، بەڵام ئێستا رۆژ نا رۆژێک، هەندێک شوێنمان هەیە هەموو رۆژێک پێویستی پێیەتی، ئەو بازاڕانە رۆژانە سێ جار و چوار جار زبڵ و پاشماوەیان لێ فڕێ دەدرێت و بە ئەستەم پێیان رادەگەین.

رۆژانە زیاتر لە دوو هەزار تۆن زبڵ و خاشاک لە هەولێر کۆدەکرێتەوە، بەشێک لە هاوڵاتیان هەوڵی پاراستنی ژینگە دەدەن، بەشێکیشیان هاوکار نین، ئەمەش ئەرکی ژینگەپارێزانی زیاتر کردووە.

چەتۆ عەزیز کاسبکار دەڵێت، دەستخۆشیان لێ دەکەم، بەم گەرما و سەرمایە دێن و ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و هەموو حاویەکان بەتاڵ دەکەن.

هاووڵاتییەکی دیکە گوتی: سێ - چوار رۆژ جارێک دێن، هەموو زبڵەکان کۆدەکەنەوە و دەیبەن.

بە گوێرەی ئاماری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، لە ماوەی ساڵی رابردوودا 684 هەزار تۆن زبڵ کۆکراوەتەوە، ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای هەولێر دوو ملیۆن و 517 هەزار و 534 کەسە، واتە بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، قەبارەی زبڵ و خاشاک بۆ هەر کەسێک لە ساڵێکدا 272 کیلۆگرامە. قەبارەی زبڵ بۆ هەر کەسێک لە رۆژێکدا 750 گرامە، ستانداردی جیهانی بۆ زبڵ رۆژانە بۆ هەر کەسێک لە نێوان 700 بۆ 900 گرامە، ئەمە واتە قەبارەی زبڵ لە پارێزگای هەولێر لە ئاستێکی ستانداردایە، بەڵام پاشماوەی خواردن بەڕێژەی 40%ە و لە ماوەی ساڵێکدا 273 هەزار و 600 تۆن پاشماوەی خواردن لە هەولێر فڕێ دەدرێت.

کارزان عەبدولهادی عەلی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر گوتی: لە هەوڵداین بتوانین کارگەیەکی مۆدێرنی ریسایکلین هاوشێوەی وڵاتانی دیکە لە شاری هەولێر دابمەزرێنین و سوود لەو پاشماوانەی کە هەیە وەربگرین و وزەیان لێ دروست بکەین، ئەگەر ئێستا سەیری وڵاتە پێشکەوتووەکان بکەین بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا سوود لەو وزانە وەردەگیرێتەوە.