بەهار ئامێدی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پشتیوانی لە پرۆژە دیجیتاڵییەکان دەکات
پسپۆرێکی بواری تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەستکرد کە خاوەنی پاشخانێکی دوازدە ساڵەی کارکردن و راهێنانە، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گشتگیر بۆ کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەخاتە روو کە چەقەکەی بریتییە لە دامەزراندنی وەزارەتێکی سەربەخۆ بۆ تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەستکرد، دەشڵێت: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پشتیوانی لە پرۆژە دیجیتاڵییەکان دەکات.
بەهار ئامێدی، بواری تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەستکرد بۆ کوردستان24 جەخت لەوە دەکاتەوە، لە سەردەمی ئێستا هێزی نەتەوەکان تەنیا بە چەک و سەرچاوە سروشتییەکان پێوانە ناکرێت، بەڵکو زانست و زیرەکیی دەستکرد بنەمای سەرەکیی ئاسایشی نیشتمانی و گەشەی ئابوورین، بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان ببێتە یەکێک لە بکەرە سەرەکییەکانی جیهانی دیجیتاڵی.
وەزارەتێک بۆ تەکنەلۆجیا
پڕۆژەکەی بەهار ئامێدی داوا دەکات، لە کابینەی نوێی حکومەتدا، وەزارەتێکی تایبەتمەند بە تەکنەلۆجیا و AI دابمەزرێنرێت تاوەکو بڕیارە ئیداری و ستراتیژییەکان لەسەر بنەمای داتا و لێکۆڵینەوەی زانستی بدرێن، ئەم وەزارەتە نوێیە ئەرکی دارشتنی نەخشەڕێگایەک دەبێت بۆ حکوومەتێکی دیجیتاڵی کە تێیدا تەکنەلۆجیا خزمەتی کەرتە گرنگەکانی وەک تەندروستی، کشتوکاڵ، و پەروەردە بکات، بە جۆرێک ئاسانکاریی تەواو بۆ هاوڵاتیان فەراهەم بکات، ئەمەش دەبێتە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە مۆدێلی بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و ژێرخانی یاسایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوانە دیجیتاڵییەکان
لە لایەکی ترەوە، ئەم پسپۆڕە جەخت لەوە دەکاتەوە، زیرەکیی دەستکرد بێ یاسا و ئەخلاق دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی مەترسیدار، بۆیە پێویستە حکوومەت چوارچێوەیەکی فەرمی بۆ ئەخلاقیاتی AI دابڕێژێت کە تێیدا تایبەتمەندیی داتای هاوڵاتیان و کەرامەتی مرۆڤ پارێزراو بێت.
پڕۆژەکە پێشنیاری دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت یان لیژنەیەکی دادوەریی باڵا دەکات بۆ سزادانی ئەو کەسانەی کە تەکنەلۆجیای ساختە بۆ وێنە و ڤیدیۆی درۆ، دزینی ناسنامە، و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنن، چونکە یاسا کلاسیکییەکان ناتوانن وەڵامگۆی ئاڵۆزییەکانی ئەم شۆڕشە تەکنەلۆجییە بن و پێویستە سزا توندەکان ببنە گەرەنتییەک بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لە هەر خراپ بەکارهێنانێکی زیرەکیی دەستکرد.
ئاسایشی کلتووری و زمانەوانی
یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکانی پڕۆژەکەی بەهار ئامێدی، پاراستنی ناسنامە و زمانی کوردییە لە ناو جیهانی دیجیتاڵیدا، کە تێیدا داوا دەکات بانکێکی نیشتمانی بۆ داتا و زمانی کوردی بە هەموو شێوەزارەکانییەوە دروست بکرێت تاوەکو سیستمە جیهانییەکانی وەک ChatGPT و Google AI بە دروستی گوزارش لە کلتووری کورد بکەن، ئەم هەنگاوە رێگری دەکات لە سڕانەوەی ناسنامەی نەتەوەیی لە ناو جیهانی دیجیتاڵیدا و دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بە زمانی دایکی خۆیان لەگەڵ زیرەکیی دەستکرددا بدوێن، هاوکات پڕۆژەکە داوا دەکات پڕۆگرامسازی و AI لە قۆناغی بنەڕەتیی خوێندنەوە تێکەڵی سیستەمی پەروەردە بکرێت تاوەکو کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئامادە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داهاتوو بونیاد بنرێت.
دیدگایەکی نیشتمانی بۆ سەربەخۆیی دیجیتاڵی
بەهار ئامێدی، کە پێشتر لە دیدارێکی فەرمیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم دیدگا ستراتیژییەی باس کردووە و پشتیوانیی سەرۆکایەتیی حکوومەتی بەدەستهێناوە، ئاماژە بەوە دەکات، ئەم خەباتە نیشتمانییە نوێیە پێویستی بە هاوبەشیی نێودەوڵەتی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی وەک یونێسکۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە، ئەو وەک کەسێک کە ساڵانێکی زۆر بە خۆبەخشی خزمەتی بە هەزاران قوتابی کردووە، ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بۆ هەر بەرپرسیارێتییەک تاوەکو کوردستان تەنیا پشت بە نەوت نەبەستێت، بەڵکو عەقڵ و زانست بکاتە سەرچاوەی داهات و گەرەنتی ئەوە بکات کە هەرێمی کوردستان لە لوتکەی گەشەپێدانی تەکنەلۆجیی ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.