تورکیا.. 1.5 ملیۆن منداڵ لە خوێندن دابڕاون؛ ملیۆنێک مامۆستاش چاوەڕێی دامەزراندنن

سیستمی پەروەردەی تورکیا رووبەڕووی قەیرانێکی قوڵ بووەتەوە و بەهۆی هەژاری و باری سەختی ئابوورییەوە، وازهێنان لە خوێندن گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە ساڵی خوێندنی 2024-2025 نزیکەی ملیۆن و نیوێک منداڵ لە سیستمی خوێندنی فەرمی دابڕاون.

بەگوێرەی راپۆرتی سەندیکای کرێکارانی زانست و پەروەردە، ئەم ژمارەیە لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا پێوانەیی شکاندووە. حەنیفی بایندیر، سەرۆکی لقی ئەستەنبوڵی سەندیکاکە، رایگەیاند: "هۆکاری یەکەم بێگومان ئابوورییە. خێزانەکان هەژارن و باری داراییان باش نییە، بۆیە ناتوانن خەرجییەکانی خوێندنی منداڵەکانیان دابین بکەن."

قەیرانی ئابووری تورکیا لە ساڵی 2018ـەوە بەشێوەیەکی بەرچاو قوڵتر بووەتەوە، هۆکارەکانیش بریتین لە هەڵاوسانی بەرز، دابەزینی بەهای لیرە و زیادبوونی رێژەی بێکاری. ئەم بارودۆخە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ملیۆنان خێزان هەبووە و وای کردووە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان ببێتە ئەرکێکی قورس. بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2024، نزیکەی 40%ـی منداڵانی تورکیا لەژێر هەڕەشەی هەژاری یان دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتیدان.

کۆمەڵەی قوتابیان بڵاویکردەوە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لانیکەم دوو ملیۆن منداڵ لە دەرەوەی سیستمی خوێندنی فەرمیدان. هاوکات لەگەڵ زیادبوونی وازهێنان لە خوێندن، دیاردەی کاری منداڵانیش بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. ئامارەکان دەریدەخەن ژمارەی کرێکارانی منداڵ لە 619,000 کەس لە ساڵی 2022ـەوە بۆ 869,000 کەس لە ساڵی 2024 بەرز بووەتەوە.

زۆرێک لە خوێندنکارانی وازهێنەر لە قۆناغەکانی کۆتایی ئامادەییدان و بێهیوا بوون لە دۆزینەوەی داهاتوویەکی گەش لە رێگەی خوێندنەوە. کچێکی گەنج دەڵێت: "درێژەم بە خوێندن نەدا، چونکە لەم وڵاتەدا مرۆڤ بە خوێندن ناگاتە هیچ ئەنجامێکی باش. باشتر بوو بچم کار بکەم." هاووڵاتییەکی دیکەش باس لەوە دەکات بۆ دابینکردنی خەرجیی خوێندنی تەنیا یەک منداڵ، مانگانە پێویستی بە 15 بۆ 20 هەزار لیرە هەیە و دەپرسێت: "ئەی ئەو خێزانانەی سێ یان چوار منداڵیان هەیە چی بکەن؟"

قەیرانەکە تەنیا خوێندنی نەگرتووەتەوە، بەڵکو کەرتی مامۆستایانیش. نزیکەی یەک ملیۆن مامۆستا لە تورکیا چاوەڕێی دامەزراندنن، ئەمەش بارگرانییەکی دیکەی بۆ سیستمی پەروەردە دروست کردووە. ئەم دۆخە وا دەکات سیستمی پەروەردەی تورکیا، هاوشانی ئابوورییەکەی، رووبەڕووی قەیرانێکی فرەلایەن و قوڵ ببێتەوە و داهاتووی نەوەیەکی نوێ بخاتە مەترسییەوە.