وەزارەتی دارایی: هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییە داراییەکانی بەرانبەر بەغدا جێبەجێ کردووە
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەرێگەی دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە، هاوکارییە مرۆییەکانیان دەگەیەننە رۆژئاوای کوردستان، هاوکات ئاشکرای کرد، بە ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا، ئێستا هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەماوە و دەبێت حکوومەتی فیدراڵ لە نزیکترین کاتدا مووچەی مانگی کانوونی دووەم خەرج بکات.
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پڕۆسەی گەیاندنی هاوکارییەکانی وەزارەت بۆ رۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردووە.
لە لایەکی دیکەوە و سەبارەت بە پرسی مووچە، ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان هەموو ئەو ئەرکە یاسایی و داراییانەی لەسەری بووە بەرانبەر بە بەغدا تەواوی کردووە، کە دواترینیان ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی هەرێم بووە بۆ سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوودا.
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی رەتیکردەوە ناردنی ئەو بڕە پارەیە ببێتە هۆی دواکەوتنی مووچە و روونی کردەوە، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، پشکی بەغدا لە داهاتی ناوخۆی هەرێم تەنیا 50 بۆ 60 ملیار دینارە، بەڵام حکوومەتی هەرێم بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی مووچە و بڕینی بیانووەکانی بەغدا، بە ناردنی 120 ملیار دینار رازی بووە، هەرچەندە ئەمە بارگرانییەکی زۆری بۆ خەرجییەکانی ناوخۆ دروست کردووە.
هەروەها باسی لەوە کرد، مانگی رابردوو نزیکەی 6 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کراوە، ئەمەش وای کردووە زیاتر لە 70%ی کۆی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە دابین بکرێت.
لەبارەی مووچەی مانگەکانی 11 و 12ی ساڵی ڕابردوو، هونەر جەمال جەختی کردەوە، بەپێی رێککەوتنی پێشتر و واژووی وەزیری دارایی فیدراڵ، دەبوو بڕی 13 تریلیۆن و 334 ملیار دینار بۆ تەواوی ساڵەکە خەرج بکرایە، بەڵام بەغدا لە کۆتایی ساڵدا کێشەی بۆ تەرخانکردنی دارایی دروست کرد.
ناوبراو دووپاتی کردەوە، لە حساباتی وەزارەتی دارایی عێراقدا هیچ پارەیەک بۆ مووچەی ئەو دوو مانگەی هەرێم خەرج نەکراوە، بۆیە ئەرکی یاسایی حکوومەتی عێراقە ئەو شایستە داراییانە بدات و حکوومەتی هەرێمیش بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافە.
پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە ناو بودجەی گشتیی عێراقدا، یەکێکە لە ئاڵۆزترین کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرەڕای رێککەوتنی سیاسی و یاسایی، بەڵام زۆرجار بەهۆی جیاوازی لە لێکدانەوەی بڕگەکانی یاسای بودجە و پرسی داهاتە نانەوتییەکان، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رووبەڕووی دواکەوتن دەبێتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی رابردوودا هەنگاوی جدی ناوە بۆ شەفافکردنی داهاتەکان و رادەستکردنی نەوت بە مەبەستی چارەسەرکردنی ریشەیی ئەم کێشەیە.