عێراق لێکۆڵینەوە لەگەڵ 8 هەزار چەکداری داعش دەستپێدەکات
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی فراوانی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ هەزاران چەکداری دەستگیرکراوی داعش راگەیاند کە لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق.
دادگاکە جەخت دەکاتەوە لەوەی، ئەم چەکدارانە کە هەڵگری ڕەگەزنامەی 42 وڵاتی جیاوازن، بەپێی یاسا عێراقییەکان دادگایی دەکرێن و هیچ کامێکیان رادەستی وڵاتەکانیان ناکرێنەوە تاوەکو پڕۆسەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانیان کۆتایی نەیەت.
سەنتەری نیشتمانیی بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند: پڕۆسەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو چەکدارانەی داعش کە لە سووریاوە هێنراونەتەوە، لە ژێر سەرپەرشتی دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەم دەستی پێکردووە.
پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو تۆمەتبارانەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت بگاتە نێوان 7 هەزار بۆ 8 هەزار کەس، بۆ ئەم مەبەستەش دادگای ناوبراو بە ژمارەیەکی زیاتری دادوەر و ئەندامانی داواکاری گشتی پاڵپشتی کراوە تاوەکو لە ماوەی 4 بۆ 6 مانگی داهاتوودا تەواوی دۆسیەکان یەکلایی بکەنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی دادگا، لێکۆڵینەوەکان لە 28/01/2026ـەوە دەستیان پێکردووە و پشت بە بنکەیەکی زانیاریی فراوان دەبەسترێت کە تێیدا وردەکاریی سەرجەم ئەو تاوانانە تۆمار کراوە کە داعش لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017 لە عێراق ئەنجامی داون، لە نێوان دەستگیرکراوەکاندا سەرکردەی زۆر مەترسیدار و کەسانێک هەن کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی جینۆساید دژی پێکهاتە ئایینییەکان، بەتایبەت ئێزیدییەکان، هەروەها هەندێکیان تێوەگلاون لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە کاتی شەڕەکاندا. دادگا دووپاتی دەکاتەوە، ئەم چەکدارانە لە سووریا تەنیا زیندانی کرابوون و هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان لەگەڵ نەکراوە، بۆیە عێراق ئێستا لە سەرەتاوە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ سەلماندنی تاوانەکانیان.
دوای تێکشاندنی سەربازیی داعش لە ساڵی 2017، هەزاران چەکداری بیانیی ئەو رێکخراوە لە زیندانەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) مابوونەوە، گواستنەوەی ئەم چەکدارانە بۆ عێراق و دادگاییکردنیان بەپێی یاسا نیشتمانییەکان، وەک هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێت بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی دەروونی قوربانییان، چونکە زۆرینەی ئەو تاوانانەی ئەم چەکدارانە ئەنجامیان داوە لەسەر خاکی عێراق بووە، ئەم پڕۆسەیە لەکاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و چەندین وڵات تا ئێستا دوودڵن لە وەرگرتنەوەی هاووڵاتییە چەکدارەکانیان، ئەمەش عێراقی خستووەتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەی یاسایی و ئەمنی.