عەدنان ئەلدەنبووس: سەرۆک بارزانی سەرکردەیەکی بەهێز و خاوەن هەژموونە
عەدنان ئەلدەنبووس: سەرۆک بارزانی سەرکردەیەکی بەهێز و خاوەن هەژموونە و پارتی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار پاشەکشە ناکات.
عەدنان ئەلدەنبووس، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، باس لە پێگە و کاریگەریی سەرۆک بارزانی دەکات و رایدەگەیەنێت: پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی سەرەکی، سوورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بۆ کاندیدەکەی ئەو بێت و ئەمەش بە بڕیارێکی ستراتیژی و یەکلاکەرەوە دەبینێت.
لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا، عەدنان ئەلدەنووس تیشکی خستە سەر رۆڵ و کەسایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی و وەک سەرکردەیەکی زۆر بەهێز و خاوەن هەژموونێکی فراوان لە ناوچەکەدا وەسفی کرد.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، پێداگریی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار، تەنیا کێبڕکێیەکی سیاسی ئاسایی نییە، بەڵکو پەیوەستە بەو قورساییە گەورەیەی کە سەرۆک مەسعود بارزانی لە هاوکێشە سیاسییەکاندا هەیەتی.
بە گوتەی ئەلدەنبووس، لایەنە سیاسییەکانی دیکە نەیانتوانیوە پارتی قایل بکەن بە دەستبەرداربوون لەو پۆستە، چونکە ئەو حزبە پۆستی سەرۆککۆمار وەک مافێکی شەرعیی خۆی دەبینێت کە گوزارشت لە قەبارەی راستەقینەی لەناو پرۆسەی سیاسی عێراقدا دەکات.
هەروەها باس لەوەش کرا، ئەم هەڵوێستەی پارتی رەهەندی نیشتمانی و نەتەوەیی هەیە و پەیوەستە بە پاراستنی سەروەریی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی پێگەی کورد لە ناوەندی بڕیار لە بەغدا.
ئەلدەنبووس پێی وایە، بوونی جیاوازی لە دیدگا سیاسییەکان و ململانێ لەسەر پۆستە باڵاکان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، کارێکی چاوەڕوانکراوە، بەڵام پێداگریی سەرۆک مەسعود بارزانی لەسەر ئەم پرسە نیشانەی ئەوەیە کە پارتی دەیەوێت رۆڵێکی کاریگەرتر و ڕاستەوخۆتر لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقدا بگێڕێت.
پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کە بەپێی رێککەوتنی نافەرمی نێوان پێکهاتەکان بۆ کورد دیاری کراوە، لە دوای ساڵی 2005ـەوە زۆربەی کات لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بەڕێوەبراوە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا و دوای گۆڕانکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک گەورەترین فراکسیۆنی کوردی داوای گۆڕینی ئەم هاوکێشەیە دەکات، ئەم کێبڕکێیە لە نێوان هەردوو حزبە سەرەکییەکەی هەرێمدا چەندین جار بووەتە هۆی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵ، چونکە هەردوولا پۆستەکە بە نوێنەرایەتی راستەقینەی کورد لە بەغدا دەبینن.