بەرپرسێکی ئەنەکەسە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع بۆ کوردستان24 ئاشکرا دەکات

ئەنەکەسە پشتیوانیی خۆی بۆ رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی نوێی سووریا دەردەبڕێت و بە تاکە رێگە بۆ پاراستنی ناوچە کوردییەکان لە وێرانکاری و کۆچبەریی دەزانێت؛ هاوکات جەخت لە چەسپاندنی مافەکانی کورد لە دەستووری داهاتووی وڵاتەکە دەکاتەوە.

فەسڵە یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، باسی لە دواین پێشهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان و دۆخی سیاسیی سووریا دوای گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە کرد. 

ئەو، ئاماژەی بەوە دا، هەرچەندە ئەنەکەسە لایەنێکی راستەوخۆی رێککەوتنی ئەمدواییەی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا نییە، بەڵام ئەم هەنگاوە بە گرنگ و پێویست دەزانن.

پشتیوانیی ئەنەکەسە لەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە، کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2026، حکوومەتی کاتیی سووریا و هەسەدە گەیشتنە رێککەوتنێکی ئاگربەست و تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکان، ئەوەش دوای ئەوەی لە سەرەتای ساڵەوە گرژییەکان لە حەسەکە و قامیشلۆ و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا توندتر ببوونەوە.

"رێککەوتنەکە ناوچەکەمان لە شەڕ دەپارێزێت"

فەسڵە یوسف تیشکی خستە سەر گرنگیی ئاگربەستەکە و گوتی: "ئەم رێککەوتنە بۆ پاراستنی ناوچەکەمان لە شەڕ، وێرانکاری و کۆچبەری گرنگە. بینیمان ئەگەر شەڕێکی نوێ رووبدات، دەبێتە مەترسیی 'مان و نەمان' بۆ گەلەکەمان. بۆیە وەک ئەنەکەسە، ئێمە پشتیوانی لەم رێککەوتنە دەکەین و دەمانەوێت ئەم هەنگاوە سەربازییە بگۆڕدرێت بۆ پرۆسەیەکی سیاسیی بەردەوام."

سەبارەت بە سەردانی شاندی ئەنەکەسە بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، فەسڵە یوسف روونیکردەوە: "شاندی ئەنەکەسە وەک لایەنێکی دانوستانکار نەچووەتە دیمەشق، بەڵکوو کۆبوونەوەیان کردووە و داوایان کردووە دیمەشق پێشوازی لە 'شاندی کوردیی هاوبەش' بکات. ئەو شاندە هاوبەشە لە ئەنجامی کۆنفرانسی 26ـی نیسان پێکهاتووە و نوێنەرایەتیی گەلی کورد لە سووریا دەکات."

ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە باسی لە بڕیارنامەی ژمارە 13ـی سەرۆکایەتی کرد، کە لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی 2026 لەلایەن ئەحمەد شەرع دەرکرا و تێیدا دان بە ناسنامەی کوردی و زمانی کوردیدا نراوە. فەسڵە یوسف ئەم بڕیارەی بە هەنگاوێکی باش وەسف کرد، بەڵام رایگەیاند: "ئەمە بەس نییە و پێویستە هەموار بکرێتەوە و بە فەرمی لە دەستووری نوێی سووریادا بچەسپێنرێت بۆ ئەوەی ببێتە مافێکی دەستووریی مسۆگەر."

هەروەها ئاشکرای کرد، شاندی ئەنەکەسە لە دیمەشق سێ داواکاریی سەرەکییان خستووەتە بەردەم بەرپرسانی باڵای سووریا:

1. زمانی کوردی: لە دەستووری سووریادا وەک زمانێکی فەرمی لە پاڵ زمانی عەرەبیدا بناسرێت و ببێتە زمانی خوێندن و پەروەردە.

2. دانپێدانانی نەتەوەیی: گەلی کورد وەک پێکهاتەیەکی رەسەن و سەرەکیی سووریا لە دەستووردا دیاری بکرێت.

3. هاوبەشی لە دەسەڵات: کورد تەنیا وەک "بەشدار" نا، بەڵکوو وەک "هاوبەشی رەسەن" لە سەرجەم دامەزراوەکانی حکوومەتی سووریادا جێگەیان بکرێتەوە.

لەسەر پرسی وەرگرتنی پۆستە ئیداری و وەزارییەکان، فەسڵە یوسف گوتی: "کورد بەشێکن لە کۆمەڵگەی سووریا و مافی خۆیانە لە بەرێوەبردنی وڵاتدا رۆڵیان هەبێت، بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و پۆستی پیشەیی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا وەربگرن بۆ ئەوەی خزمەتی گەلەکەی خۆمان بکەین."

رۆڵی قەتەر لە قەیرانی سووریادا

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فەسڵە یوسف باسی لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنی قەتەری کرد و ئاماژەی بەوە دا، قەتەر لە دۆسیەی سووریادا خاوەن کاریگەرییەکی گەورەیە و رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پشتیوانیکردنی سەقامگیریی قۆناغی دوای ئەسەد. ئەوان تێڕوانینی خۆیان بۆ چارەسەری سیاسی و مافەکانی کورد گەیاندووەتە بەرپرسانی قەتەر و هەستیان کردووە لایەنی قەتەریش بۆ پشتیوانی و هاوکاری ئامادەن.

لە کۆتاییدا، یوسف جەختی کردەوە؛ ئەنەکەسە لە خەباتی دیپلۆماسی و سیاسیی خۆی بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی مافە رەواکانی گەلی کورد لە سووریای داهاتوودا مسۆگەر دەکرێن.