ژاپۆن گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی لەجیهان بەکارخستەوە
کۆمپانیای بەکارخستنی وێستگەی ئەتۆمی رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی جیهان کە دەکەوێتە ناوەڕاستی رۆژئاوای ژاپۆن، دەستی بەکار کردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی شوباتی 2026، کۆمپانیای وزەی کارەبای تۆکیۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، " (ریاکتۆر) کورەی وێستگەی ئەتۆمی کاشیوازاکی-کاریوا بە سەرکەوتوویی دووبارە دەستی بەکار کردەوە."
ئاماژەی بەوەشدا، لە 21ـی مانگی رابردوو کورەکە بەکار خرا، بەڵام دوای رۆژێک بەهۆی لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سیستەمی چاودێریکردندا دووبارە کورەکە کوژێنرایەوە.
تاکیوکی ئیناگاکی بەڕێوەبەری وێستگەی کاشیوازاکی-کاریوا هەفتەی رابردوو ئاماژەی بەوەدا، رێکخستنەکانی زەنگی ئاگادارکردنەوەی گۆڕیوە و ئێستا دەتوانرێت کورەکە بە سەلامەتی کاربکات.
گوتیشی: وێستگەکە لە 18ـی ئادار یان دواتر دەست بە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا دەکات، ئەمەش دوای پشکنینێکی گشتگیر دەبێت.
وێستگەی کاشیوازاکی-کاریوا گەورەترین وێستگەی وزەی ئەتۆمی جیهانە لەرووی زۆرترین توانای بەرهەمهێنانەوە، هەرچەندە دووبارە دەستبەکارکردنەوەی تەنیا یەکێک لە حەوت کورەکەی دەگرێتەوە.
ژاپۆن هەوڵدەدات بەکارهێنانی هێزی ئەتۆمی زیندوو بکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە سووتەمەنی بەردینی و بەدەستهێنانی کاربۆن تا ساڵی 2050 و دابینکردنی داواکاری وزە بۆ کەرتی ژیری دەستکرد.
بەشێک لە دانیشتوانی ناوچەی دەوروبەری وێستگەکە لەسەر دووبارە کارکردنەوەی کورەکە نیگەرانن، بەپێی راپرسییەک کە لەلایەن پارێزگای نیگاتا لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوودا ئەنجامدراوە، نزیکەی لەسەدا 60 دژی کارپێکردنەوەی وێستگەکەن و لەسەدا 37 پشتگیریان لێدەکەن.