سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە دیلان یەشیلگۆز دەکات
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە دیلان یەشیلگۆز دەکات بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 09ـی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند "بە گەرمی پیرۆزبایی لە دیلان یەشیلگۆز دەکەم بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا."
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوەش کردووە "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هۆڵەندا بەرز دەنرخێنین و خوازیاری بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوانمانین."
I warmly congratulate @DilanYesilgoz on assuming the role of Deputy Prime Minister and Defense Minister of the Netherlands. We value our relations with the Netherlands and look forward to our continued cooperation.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) February 9, 2026
رۆژی هەینی، 06ـی شوباتی 2026، دیلان یەشیلگۆز، خانمە سیاسەتمەداری کورد، وەک جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری لە حکوومەتی نوێی هۆڵەندا دیاری کرا.
دوای دانوستانێکی چڕ لە نێوان پارتە سیاسییەکانی هۆڵەندا، هەرسێ پارتی (D66)، (CDA) و (VVD) گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی کەمینە. لەم دابەشکارییەدا، دیلان یەشیلگۆز وەک سەرۆکی پارتی (VVD) نەک تەنها پۆستی وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆکوەزیرانی وەرگرت، بەڵکوو حزبەکەشی بەرپرسیارێتی شەش وەزارەتی گرنگی لە کابینە نوێیەکەدا بەرکەوت.
بڕیارە لە 23ی شوباتی 2026 حکوومەتی نوێ بە فەرمی سوێندی یاسایی بخوات. لەم کابینەیەدا (رۆب جێتین) لە پارتی D66 دەبێتە سەرۆکوەزیران. پشکی وەزارەتەکانی پارتی VVD بەم شێوەیە دەبێت:
- دیلان یەشیلگۆز: وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆکوەزیران.
- ئیلکۆ هاینین: وەزیری دارایی.
- دەیڤد ڤان وێل: وەزیری داد و ئاسایش.
- چەندین وەزارەتی تری وەک: کار، ژێرخان و تەندروستی.
دیلان یەشیلگۆز کێیە؟
دیلان لە ساڵی 1977 لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لە خێزانێکی کورد لەدایک بووە. لە تەمەنی منداڵیدا وەک پەنابەر روویان لە هۆڵەندا کردووە. دوای تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە زانکۆی ئەمستەردام، پلە سیاسییەکانی بە خێرایی بڕی؛ لە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەوە بۆ پەرلەمانتار، دواتر وەک وەزیری وزە و وەزیری داد، تا دواجار بووە یەکەم ژن سەرۆکایەتی پارتی (VVD) بکات و ئێستا یەکێکە لە بەهێزترین کارەکتەرە سیاسییەکانی ئەوروپا.