کێیەر ستارمەر رەتی دەکاتەوە دەستی لەکار کێشابێتەوە

کێیەر ستارمەر
کێیەر ستارمەر

گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند: کێیەر ستارمەر بە هیچ شێوەیەک بە نیازی دەستلەکارکێشانەوە نییە و تەواوی سەرنجی لەسەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانیەتی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوای دەستلەکارکێشانەوەی دوو بەرپرسی باڵای نووسینگەکەی بەهۆی تێوەگلان لە دۆسیەی جێفری ئێپستاین، گوشارەکان بۆ سەر حکوومەتەکەی گەیشتوونەتە لوتکە.

ئەمڕۆ دووشەممە9ـی شوباتی 2026، سەرۆکایەتیی حکوومەتی بەریتانیا دووپاتی کردەوە، کێیەر ستارمەر بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری، سەرەڕای ئەوەی تیم ئاڵن، بەرپرسی راگەیاندن و مۆرگان ماکسوینی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران، بەهۆی پەیوەندییان بە دۆسیەی جێفری ئێپستاین، کە بە تاوانی سێکسی بەرانبەر منداڵان تۆمەتبار کرابوو، دەستیان لەکار کێشایەوە. 

پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزسیۆن و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ناو پارتی کرێکارانیش داوای دەستلەکارکێشانەوەی ستارمەر دەکەن، بەتایبەت دوای ئاشکرابوونی وردەکارییەکانی پەیوەست بە دامەزراندنی پیتەر ماندلسۆن وەک باڵیۆزی بەریتانیا لە واشنتن.

ئەم قەیرانە سیاسییە کاتێک توندتر بوو کە ئاشکرا بوو ستارمەر لە کانوونی یەکەمی 2024دا ماندلسۆنی بۆ ئەو پۆستە هەستیارە دەستنیشان کردووە، سەرەڕای ئەوەی ئاگادار بووە کە ناوبراو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێپستاین تەنانەت دوای تۆمەتبارکردنیشی لە ساڵی 2008دا پاراستووە. هەرچەندە ستارمەر لە ئەیلوولی 2025دا ماندلسۆنی لە پۆستەکەی دوورخستەوە، بەڵام بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامە نوێیەکانی وەزارەتی داد و ئەمریکا، کە دەیسەلمێنن ماندلسۆن لە نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2010 زانیاریی هەستیاری بازاڕەکانی بۆ ئێپستاین دزە پێکردووە، حکوومەتی بەریتانیای خستووەتە بارودۆخێکی زۆر ناهەموارەوە، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ ستارمەر لەبەردەم فراکسیۆنی پەرلەمانیی حزبەکەیدا گوتارێک پێشکەش بکات بۆ بەرگریکردن لە پێگەی خۆی.

دۆسیەی جێفری ئێپستاین، ملیاردێری کۆچکردووی ئەمریکی، یەکێکە لە گەورەترین و پڕدەنگۆترین دۆسیە سێکسی و سیاسییەکانی جیهان کە تێیدا ناوی چەندین سەرکردە و کەسایەتیی جیهانی هاتووە. تێوەگلانی بەرپرسانی باڵای حکوومەتی نوێی بەریتانیا لەم دۆسیەیەدا، لە کاتێکدایە کە پارتی کرێکاران تەنیا ماوەیەکی کەمە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست و بەڵێنی دابوو کۆتایی بە ساڵانی پشێوی بهێنێت، ئەم قەیرانە نەک هەر مەترسی لەسەر پۆستەکەی کێیەر ستارمەر دروست کردووە، بەڵکو متمانەی جەماوەریی بە حکوومەتەکەی لە ناوخۆ و ئاستی نێودەوڵەتیدا رووبەڕووی ئالنگارییەکی جددی کردووەتەوە.