کەجەکە: بێ پێدانی مافی هیوا و ئازادکردنی ئۆجەلان پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ناچێتە پێشەوە
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایدەگەیەنێت: مەرجی سەرەکی بۆ هەر هەنگاوێکی ئاشتی لە تورکیا، پێدانی مافی هیوا و ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانە، تاوەکو بتوانێت لە دەرەوەی زیندان رۆڵی سیاسی و دیپلۆماسی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بگێڕێت.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تیشکی خستە سەر دواین پەرەسەندنەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، عەبدوڵڵا ئۆجەلان خوازیاری پێشخستنی پرۆسەی ئاشتییە، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆمسیۆنی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە.
سەبارەت بە لێدوانی بەرپرسانی تورکیا دەربارەی پێدانی مافی هیوا بە ئۆجەلان، بایک پێی وایە، تەنیا لێدوان بەس نییە و جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە لەسەر زەمینی واقیع گرنگە.
هاوسەرۆکی کەجەکە جەختی کردەوە لەوەی، زەحمەتە پرۆسەی ئاشتی بەرەو پێش بچێت ئەگەر ئۆجەلان ئازاد نەکرێت، چونکە بۆ بەڕێوەبردنی دیالۆگ و کارە سیاسییەکان پێویستی بەوەیە لە دەرەوەی زیندان بێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک لایەن لە ناو تورکیادا رێگری لە پرۆسەی ئاشتی دەکەن، تەنانەت رەجەب تەیب ئەردۆغانیش زۆرجار گلەیی لە بوونی ئەو ئاستەنگانە کردووە.
بە گوتەی بایک، پرۆسەی ئاشتی بەرژەوەندیی هەندێک کەس و لایەن تێکدەدات، هەر بۆیەش تاوەکو ئێستا دەسەڵاتی تورکیا ئیرادەیەکی بەهێز و هەنگاوی جددی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە نیشان نەداوە.
جەمیل بایک دووپاتی کردەوە، ئەوان ئامادەن لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کار بۆ پێشخستنی ئاشتی بکەن، بەڵام ئەمە پێویستی بە وەڵامی ئەرێنیی دەسەڵات هەیە.
ناوبراو ئامادەیی کەجەکەی نیشان دا کە ئەگەر دەسەڵاتی تورکیا یەک هەنگاو بەرەو ئاشتی بێتە پێشەوە، ئەوان ئامادەن دوو بۆ سێ هەنگاو بنێن تاوەکو پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بگاتە ئەنجام.
پرسی مافی هیوا کە لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا جەختی لێکراوەتەوە، مافی پێداچوونەوە بە سزای زیندانی هەتاهەتایی دوای ماوەیەکی دیاریکراو دەدات بە زیندانی بە مەبەستی ئازادکردنی.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە ساڵی 1999ـەوە لە زیندانی ئیمرالی دەستبەسەرە، وەک کلیلێکی سەرەکی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەبینرێت، لە ماوەی رابردوودا چەندین جار هەوڵی دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی دراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەسەر مەرجەکان و میکانیزمی جێبەجێکردن، زۆربەی ئەو هەوڵانە لە نیوەی رێگەدا پەککەوتوون.