فوئاد حوسێن و کاربەڕێکەری ئەمریکا پرسی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق تاوتوێ دەکەن
وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ کاربەڕێکەری ئەمریکا لە بەغدا کۆبووەوە، تێیدا هەردوولا باسیان لە دواین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنفرانسی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر لە سعودیە کرد، هاوکات جەخت لەسەر پاراستنی دامەزراوە دەستوورییەکان کرایەوە.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پێشوازی لە جوشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنفرانسی ریاز کە تایبەتە بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر.
وەزیری دەرەوە تیشکی خستە سەر گرنگیی ئامادەیی و بەشداریی لایەنی ئەمریکی لەو کۆنفرانسەدا بۆ بەهێزکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان لە پێناو بنبڕکردنی مەترسییەکانی تیرۆر لە ناوچەکەدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا تاوتوێی رێڕەوی پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵی عێراقیان کرد.
فوئاد حوسێن و جوشوا هاریس نەخشەی سیاسی و هەڵوێستی جیاوازی لایەنەکانیان سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی خستە بەر باس.
لەم چوارچێوەیەدا جەخت لە گرنگیی پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی عێراق و پاراستنی شکۆی دامەزراوە دەستوورییەکان کرایەوە، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق بکات.
عێراق ئێستا لە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەی سیاسی دایە و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بەردەوامن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ململانێی توند لە نێوان کوتلە سیاسییەکاندا هەیە، لە رووی ئەمنیشەوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، بەردەوامە لە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان بۆ رێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان، کۆنفرانسی داهاتووی ریازیش وەک هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێت بۆ نوێکردنەوەی ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەسەر ئاستی جیهانی.