سبەی پەرلەمانی عێراق لەسەر سێ پرسی گرنگ کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کارنامەی کۆبوونەوەی سبەی چوارشەممەی پەرلەمانی بڵاوکردەوە کە لە سێ بڕگەی سەرەکی پێکهاتووە.
لە راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمان هاتووە، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە پێداچوونەوە و بڕیاردان لەسەر ئەو تانانەی سەبارەت بە دروستیی ئەندامێتیی هەندێک لە پەرلەمانتاران پێشکەشکراون.
لە بڕگەی دووەمدا، پرسێکی گشتی دەخرێتە بەرباس کە پەیوەستە بە دۆسیەی ئەو زیندانیانەی بۆ ناو عێراق گوازراونەتەوە، ئەم گفتوگۆیە بە ئامادەبوونی هەر سێ بەرپرسی باڵا (وەزیری داد، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری هەواڵگری، و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان) بەڕێوەدەچێت.
هەروەها لە بڕگەی سێیەم و کۆتایی کارنامەکەدا، کات بۆ گفتوگۆی گشتیی پەرلەمانتاران لەسەر بابەتە جیاجیاکان تەرخان کراوە.
لە چوارچێوەی هەماهەنگییەکی چڕی نێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و حکوومەتی عێراقدا، پڕۆسەیەکی فراوانی گواستنەوەی چەکدارانی دەستگیرکراوی رێکخراوی داعش لە زیندانەکانی سووریاوە بەرەو خاکی عێراق دەستی پێکردووە. بەپێی زانیارییەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بۆ چەند رۆژێکی لەسەریەک، کاروانی پاسەکان کە لەلایەن زرێپۆشەکانی هاوپەیمانان و فڕۆکە جەنگییەکانەوە پارێزگارییان لێدەکرا، سەدان چەکداریان لە ناوچەکانی حەسەکە و قامشلۆوە گواستووەتەوە بۆ ناو خاکی عێراق.
ئەم پرۆسە ئەمنییە ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی زیاتری چەکدارەکان و پاراستنی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکانە، بەتایبەت دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە رۆژئاوای کوردستان مابوونەوە.
لە رووی یاساییەوە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە رێگەی دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەمەوە، دەستی بە رێکارە یاساییەکان کردووە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو تۆمەتبارانەی رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە بگاتە نێوان 7 بۆ 8 هەزار کەس، کە هەڵگری رەگەزنامەی 42 وڵاتی جیاوازن، دادگای عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم چەکدارانە تەنیا بەپێی یاسا نیشتمانییەکانی عێراق دادگایی دەکرێن و رادەستی وڵاتەکانیان ناکرێنەوە تاوەکو لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانیان کۆتایی نەیەت.
لێکۆڵینەوەکان کە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2026ـەوە دەستیان پێکردووە، پشت بە بنکەیەکی زانیاریی ورد دەبەستن سەبارەت بەو تاوانانەی لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017 ئەنجام دراون، لە نێوان دەستگیرکراوەکاندا، سەرکردەی مەترسیدار و تۆمەتباری تێدایە کە دەستیان هەبووە لە ئەنجامدانی جینۆساید دژی پێکهاتە ئایینییەکان، بەتایبەت ئێزدییەکان و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زۆرێک لە وڵاتان تا ئێستا دوودڵن لە وەرگرتنەوەی هاووڵاتییە چەکدارەکانیان، ئەمەش عێراقی خستووەتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەی یاسایی و ئەمنی بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی مەعنەوی قوربانییانی دەستی ئەو ڕێکخراوە. بڕیار وایە لە ماوەی 4 بۆ 6 مانگی داهاتوودا، زۆربەی ئەم دۆسیانە لەلایەن دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتییەوە یەکلایی بکرێنەوە.