وەزارەتی دارایی راگەیەندراوێکی لەبارەی مووچە بڵاوکردەوە
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێکارەکانی خەرجکردنی مووچە تەواوکراوە و چاوەڕێی تەمویلکردنی پارەکەین.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای هەوڵ و بەدواداچونەکانی تیمەکانی وەزارەتمان بۆ خەرج کردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە ئێستا سەرجەم ڕێکارە ئیداری و ژمێریاریەکان لە فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ تەواو کراون و چاوەڕێی گەیشتنی تەمویلەکەین بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەین.
ئەمە لەکاتێکدایە نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 9ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دەرکرد.
هەروەها وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی کانوونی دووەم بەشێوەی کاش خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.