شادی غوڵامی: نابێ میوزیکی بێگانە لەنێو گۆرانی کوردیدا بەکاربێت

هونەرمەند شادی غوڵامی
هونەرمەند شادی غوڵامی

شادی غوڵامی، گۆرانیبێژ و دەفژەن، لەو چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا تیشکی خستە سەر نوێترین پڕۆژە و ئەزموونە هونەرییەکانی و رایگەیاند: 17 ساڵە کاری هونەری دەکەم و تا ئێستا 7 گۆرانیم بە شێوەی فەرمی تۆمار کردووە.

شادی غوڵامی، گۆرانیبێژ و دەفژەن، دەربارەی کارە هونەرییەکانی گوتی: " 17 ساڵە کاری هونەری دەکەم و تا ئێستا 7 گۆرانیم بە شێوەی فەرمی تۆمار کردووە، هەروەها توانیومە ئەزموونی بەڕێوەبەری گرووپی موسیقاشم هەبێت، لە لێژنەی دادوەری فێستیڤاڵی دەف لە سنە ئەندام بوومە، هەروەها بە پشتگیری هاوڕێ و هاوسەری ئازیزم کە خۆی  هونەرمەندە،  توانیومە هەمیشە زیاتر زانیاریم لە سەر بیر و باوەڕی کوردی و کولتووری خۆم هەبێت و لەسەر ئەو رێبازە  کوردییە بەردەوام بم."

شادی غوڵامی ئاماژەی بەوەش دا: پێش دەستپێکردنی هەر بەرهەمێکی هونەری، تێکست و ئاوازی گۆرانییەک کە بمەوێ تۆماری بکەم زۆر سەرنجم رادەکێشێت و گرنگە لام کە کاری لەسەر بکەم، لە رۆژهەڵات زۆر ماموستایانی بە توانا و لێزانمان هەیە لە بواری ئاوازدانان، لە باشووریش ئاوازدانەری زۆرباش هەیە، بەڵام بەدڵنیایەو بەپێی مێژووی موسیقای باشوور و ناوچەکانیتر، موسیقا و چێژی هونەری لە کوردستان تێکەڵ بە خوێن و مێشکی هونەرمەندانە، هەروەها بەکارهێنانی  میوزیکی بیانی لە نێو گۆرانی کوردیدا، بەو مانایە دێت کە زانیاریمان لەسەر دەوڵەمەندی میوزیک و کولتوور و رەسانەیەتی کوردی نییە.

ئەو هونەرمەندە باس لە ناسینەوەی میوزیکی کوردی دەکات و دەڵێت: چەندین ئاواز و شێوازی گۆرانی و میوزیکی کوردی تایبەت بە کوردستان و ناوچە جیاوازەکان هەیە، کە بە گوێگردن لە دەستپێکی میوزیکەکە، دەزانی ئەو میوزیکە موڵکی کوردستانە، هەروەها چەندین جۆرە میوزیکمان هەیە کە بەتەواوەتی موڵکی کوردە.

ئەو هونەرمەندە گوتیشی: چالاکییەکانی من وەک ژنێکی کورد، راستە لەسەر گۆرانی و میوزیک بووە، بەڵام دەتوانم بڵێم کە هەوڵمداوە زانیاریم زیاتر بێت وەک نوێنەری ژنی کورد، کە لەسەر مافی ژن و ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگە و پێویستیەکانی و ئازادی ژن کە لە زۆربەی بەرنامەکان گفتووگۆم لەبارەی کردووە و پێم خۆش بووە ئەرکی سەر شانی خۆم بە جوانترین شێوە بەدی بهێنم و ئاوێنەیەک بم لە جوانی ژن و ئازادی و رەسانەیەتی، هەروەها، لە رۆژهەڵات و باشوور و باکوری کوردستان، کۆنسێرتی تایبەت بە ژنانم ساز کردووە.

ئەو هونەرمەندە باس لە گەڕانەوەی بۆ لادێ دەکات و دەڵێت: ماوە 8 ساڵە کە ژیانی هاوسەرگیریم پێکهێناوە، لە ئێستادا  گەڕاومەتەوە بۆ لادێ و ژیانی لادێم دەستپێکردووە و لەنێو سرووشت دەژیم، لە گوندی تاینەی سەر بە ناوچەی سنە و کامیاران، کە شوێنی کولتووری و هونەرییە و مەڵبەندی هونەر و میوزیک و کۆکردنەوەی هونەرمەندانە، هەروەها لەو لادێیەش خولی  فێرکاری دەف و زمان کوردی و هەڵپەرکێمان دانا، بۆیە توانیمان ژیانی لادێ زیندوو بکەینەوە و چێژی لێوەربگرین.

لەکۆتایی قسەکانیدا، شادی غوڵامی، باس لەنوێترین پڕۆژەی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت: پرۆژەی نوێم هەیە، ئەویش تۆمارکردنی ئەلبوومێکە بۆ ژن، کە بە تێکستی ژنانە و پێویستییەکانی رۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا کاری لەسەر دەکەم و هیوادارم لە ئایندەیەکی نزیکدا بتوانم بڵاوی بکەمەوە.

شادی غوڵامی، گۆرانیبێژ و دەفژەن، لە ساڵی 1993 لە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، ماوەی 17 ساڵە کاری هونەری دەکات و خاوەنی 7 بەرهەمی تۆمارکراوی گۆرانییە.