سیستەمی دیجتاڵیی کاروباری هاووڵاتییانی ئاسان کردووە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی شۆڕشێکی دیجیتاڵییەوە، هەنگاوی گەورەی بۆ نەهێشتنی رۆتین و ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان ناوە؛ ئێستا لە فەرمانگەکانی پاسپۆرت، مامەڵەکان لە ماوەی کەمتر لە 15 خولەکدا تەواو دەبن، ئەمەش وایکردووە تەنانەت هاووڵاتییانی بەغداش بۆ راییکردنی کارەکانیان روو لە هەولێر بکەن.
بە دیجیتاڵکردنی کاروباری فەرمانگەکان، ئامانجێکی ستراتیژیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ کەمکردنەوەی رۆتین. حکوومەت مەبەستییەتی کاروباری سەرجەم فەرمانگەکان بکاتە ئەلیکترۆنی و سیستەمی کاخەز و پارەدانی کاش نەهێڵێت، تاوەکو سەرجەم مامەڵەکان بە دیجیتاڵیی بەڕێوەبچن.
عەلی حوسێن، هاووڵاتییەکی کوردی فەیلییە و دانیشتووی بەغدایە، دوای ئەوەی زیاتر لە مانگێک لە بەغدا هەوڵی داوە پاسپۆرت دەربهێنێت و بۆی نەکراوە، ناچار رووی لە هەولێر کردووە. ئەو بە کوردستان24ی راگەیاند: "لێرە کارەکان زۆر بە خێرایی بەڕێوەدەچن و قەرەباڵخی نییە، مامەڵەکان لە ماوەی 15 خولەکدا تەواو دەبن؛ ئەمە پێچەوانەی بەغدایە، کە لەوێ جگە لە جەنجاڵی، نارێکییەکی زۆر لە بەڕێوەبردنی کارەکاندا هەیە."
هەرێم، هاووڵاتییەکی دیکەیە و سەرقاڵی مامەڵەی تازەکردنەوەی پاسپۆرتەکەیەتی، ئەو هەموو مامەڵەکانی تا کاتی پارەدانیش بە شێوەی دیجیتاڵیی و لەرێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە ئەنجام داوە. ئەو پێیوایە ئەم سیستەمە کاتی زۆری بۆ گەڕاندوونەتەوە و قەرەباڵخیی کەم کردووەتەوە.
هەرێم عومەر دەڵێت: "رێکارەکان زۆر باشن، هەموو کارەکان بە ئەلیکترۆنی بەڕێوەدەچن و هیچ پارەیەکی کاش مامەڵەی پێوە ناکرێت، تەنیا کارتە. دەستخۆشی لە حکوومەت دەکەم بۆ ئەم کارە و بۆ پڕۆژەی 'هەژماری من'."
لە فەرمانگەی پاسپۆرت، هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە هەموو مامەڵەکان پێشوەختە بنێرن، تاوەکو بە کەمترین کات کارەکانیان رایی بکرێت. حوسێن محەممەد، هاووڵاتییەکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات: "هێندە کارەکان بە ئاسانی و رێکوپێکی بەڕێوەدەچن، لەو بڕوایەدام کەس گلەیی نییە. هیوادارم کاری هەموو دامەزراوەکان بەم جۆرە دیجیتاڵیی بکرێت، چونکە بەو شێوەیە کارەکان بەدوور لە جەنجاڵی بەڕێوەدەچن."
سیستەمی دیجیتاڵیی و بەتایبەت پارەدانی ئەلیکترۆنی، هەوڵێکی چڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و کەمکردنەوەی قەرەباڵخی، کە ئێستا شوێنەواری ئەم گۆڕانکارییانە لە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییاندا بەدی دەکرێت.