دەزگای هەواڵگریی عێراق دەستییان بەسەر 200 هەزار حەبی کاپتاگۆندا گرت

دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا، تۆڕێکی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەر لەناو خاکی ئەو وڵاتەدا دەستگیر کرد و دەستییان بەسەر 200 هەزار حەبی کاپتاگۆن گرتووە، کە هەوڵییان دەدات بگوازرێنەوە بۆ نێو عێراق.

سێشەممە 10ـی شوباتی 2026، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی پێشوەختە و جۆریدا لەناو خاکی سووریا، توانیویانە تۆڕێکی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر بکەن.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای هەواڵگری، ئۆپەراسیۆنەکە بە پشت بەستن بە زانیاری ورد و بەدواداچوونی بەردەوام لە چەند وڵاتێکی ناوچەکە و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە ئەمنییەکانی سووریا ئەنجامدراوە.

لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا (5) ئەندامی تۆڕەکە دەستگیرکراون کە پلانیان هەبووە بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەری کاپتاگۆن بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ لە سووریاوە ڕەوانەی عێراق بکەن و هەر لەو چالاکییەدا دەست بەسەر زیاتر لە 200 هەزار حەبی هۆشبەردا گیراوە.