هەولێر.. وادەی گەڕانەوەی ئاوی ماڵان ئاشکرا دەکرێت

ئەمشەو ئاو دەگاتەوە ماڵان

دوای ئەوەی شەپۆلی بارانبارینی ئەم دواییە بووە هۆی وەستانی پڕۆژەکانی ئاوی ئیفراز و پچڕانی ئاوی ماڵان، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاشکرای دەکەن کە گرفتەکە چارە کراوە. بەڕێوەبەری گشتیی ئاویش جەخت دەکاتەوە، کە توانای پاڵاوتنی پڕۆژەکان لە داهاتوودا بەرز دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی شوباتی 2026، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، وردەکاریی راگرتنی دابەشکردنی ئاو و کاتی دەستپێکردنەوەی خستە روو.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو ئاماژەی بەوە دا کە شەپۆلی بارانبارینەکانی چەند رۆژی رابردوو لە هەرێمی کوردستان، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سەرچاوەکانی ئاو هەبووە.

ئاری ئەحمەد گوتی: "بەهۆی بارانەوە، ڕێژەی شێلووبوون لە زێی گەورەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، ئەمەش ناچاری کردین بۆ پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان و سەلامەتیی پرۆژەکان، بەردانەوەی ئاو بۆ ماڵان رابگرین."

سەبارەت بە داتاکانی شێلووبوون، ئاری ئەحمەد روونی کردەوە، کە دۆخەکە لە دەرەوەی توانای ئاسایی پرۆژەکان بووە.

ئەو گوتی: "لە پرۆژەکانی ئاوی ئیفراز (1، 2، 3) و پرۆژەی فریاگوزاریی خێرا، رێژەی شێلووبوونی ئاو گەیشتە حەوت هەزار یەکە، کە ژمارەیەکی زۆر بەرزە."

پەۆژەکانی ئیفراز و فریاگوزاریی خێرا، سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاون بۆ شاری هەولێر و نزیکەی 90%ـی ئاوی شارەکە دابین دەکەن.

لە بارەی چارەسەری گرفتەکە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و رایگەیاند: "خۆشبەختانە وردە وردە دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت و تیمەکانمان سەرقاڵی ئامادەکارین."

جەختیشی کردەوە: "بڕیارە هەر ئەمشەو بە تەواوی دابەشکردنی ئاو دەست پێبکاتەوە و ئاو بگاتەوە ماڵان."

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، ئاری ئەحمەد باسی لە پلانەکانی حکوومەت کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حاڵەتی لەم شێوەیە لە داهاتوودا.

ناوبراو ڕایگەیاند: "کار لەسەر ئەوە دەکەین لە داهاتوودا سیستەمی پاڵاوتن بە جۆرێک پەرە پێ بدەین کە بتوانێت بە خێرایی ئاو بپاڵێوێت، هەرچەندە رێژەی شێلووبوون بگاتە دوو هەزاریش دەتوانرێت ئاوی پاک بەرهەم بهێنرێت.