عێراق 16 ملیۆن دانە لە پێكۆتەی دژە كۆرۆنای تۆماركردووە

عێراق پێویستی بە زیاتر لە 3 ملیار دۆلار و زیاتر لە 160 ھەزار قەروێڵە ھەیە

عێراق و دەستەبەركردنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا
عێراق و دەستەبەركردنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا

K24 – ھەولێر:

وەزیری تەندرووستی عێراق، حەسەن تەمیمی رایگەیاند، وڵاتەكەی 16 ملیۆن دانه‌ی پێكوتەی دژە كۆرۆنای تۆماركردووە بۆ دەستەبەركردنی و ھەر لە ئێستاوە دەستكراوە بە مەشقدانی تیمە تایبەتەكان لەسەر چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ڤاكسینە.

تەمیمی، دوێنێ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، گوتی: "وەچەی نوێ لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ھەمان لێكەوتەكانی كۆڤید 19ی ھەیە و زۆر بە پەلە بڵاودەبێتەوە، بەڵام كاریگەرییەكانی كەمترە". ئاماژەشیكرد، "بەم نزیكانە دوو تاقیگەی نوێ دەھێنرێنە عێراقدا بۆ پشكنینی وەچەی نوێی ئەو ڤایرۆسەیە".

روونیشیكردەوە، "عێراق پێویستی بە زیاتر لە 3 ملیار دۆلار ھەیە، بۆ دەستەبەركردنی تەواوی پێداویستییەكانی پزیشكی، ھەروەھا پێویستیی بە زیاتر لە 160 ھەزار قەروێڵە ھەیە بۆ دابینكردنی پێداویستییە راستەقینەكانی وڵات".

تەمیمی جەختیكردەوە لەوەی "رەوشی پەتاكە لە عێراقدا لە ژێر كۆنترۆڵدایە و تەنھا 191 حاڵەتی ناجێگیر لە نەخۆشانی كۆرۆنا ھەیە".

سەرچاوە: "ئاژانسی ھەواڵەكانی عێراق- واع"