کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کۆتاییهات
هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند، کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پیرمام کۆتاییهات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی شوباتی 2026، پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا لە پیرمام کۆبوونەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە.
دووشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2026، ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سلێمانی بە کوردستان24ـی گوتبوو، لە کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردوو لە نێوان پارتی و یەکێتی باس لە پۆستی سەرۆک کۆمار کرا و چەند پێشنیازێک خرانە روو و بڕیاردرا لە مەکتەب سیاسییەکانی بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.
هەر ئەمڕۆ هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 گوتی: دوو تەوەرە سەرەکییەکەی کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی بریتی دەبن لە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی هەردوو لا ئارەزووی رێککەوتن دەکەن، بەڵام تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ سەرۆککۆمار کۆک نین.
ئاماژەی بەوەشدا، پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە پۆستەکانی بەغدا و هەولێر دوو پاکێجی جیاوازن و نابێت تێکەڵ بکرێن. لە بەرامبەردا، باس لە سیناریۆی کاندیدی سێیەم دەکرێت هاوشێوەی خولی پێشوو، ئەگەر کاندیدەکانی هەردوو حزب نەگەنە رێککەوتن.