خالید شوانی: هیچ زیندانییەکی داعش رەوانەی هەرێمی کوردستان ناکرێت
وەزیری دادی عێراق ئاشکرای دەکات، پرۆسەی گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق بەردەوامە و ژمارەیان پێنج هەزاری تێپەڕاندووە، جەختیش دەکاتەوە کە ئەو چەکدارانە رەوانەی زیندانەکانی هەرێمی کوردستان ناکرێن و لەلایەن دەستەیەکی دادوەریی تایبەتەوە دادگایی دەکرێن.
چوارشەممە 11ـی شوباتی 2026، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، ئەو چەکدارانەی داعش کە لە سووریاوە دەگوازرێنەوە بۆ عێراق، بە هیچ شێوەیەک رەوانەی زیندانەکانی هەرێمی کوردستان ناکرێن. ناوبراو روونی کردەوە کە هەردوو زیندانی چەمچەماڵ و سووسە تایبەتن بە تاوانە گشتییەکان نەک تیرۆر، بۆیە چەکدارانی داعش لە زیندانی تایبەت بە تیرۆر لە ناوەڕاست و باشووری عێراقدا دەهێڵدرێنەوە.
سەبارەت بە ئاماری زیندانییە گواستراوەکان، وەزیری داد ئاشکرای کرد، تا ئێستا پێنج هەزار و 46 زیندانیی داعش لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق و پێشبینی دەکرێت ژمارەکە بگاتە شەش هەزار کەس. ئاماژەی بەوەش دا، سەرجەم ئەو زیندانییانە لەژێر سەرپەرشتیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و لەلایەن دەستەیەکی دادوەریی پسپۆڕەوە لە عێراق دادگایی دەکرێن.
خالید شوانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، زۆربەی زیندانییەکان هەڵگری رەگەزنامەی بیانیی نزیکەی 60 وڵاتی جیاوازن. لەوبارەیەشەوە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و وڵاتانی پەیوەندیدار لە پەیوەندیی بەردەوامدان تاوەکوو دوای تەواوبوونی دادگاییەکەیان، وڵاتەکانیان وەریانبگرنەوە.
چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، پرۆسەیەکی نوێیان دەستپێکردووە بۆ گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە مانەوەیان لە شوێنێکی پارێزراودا.
بەپێی راگەیەندراوەکە، پرۆسەکە دەستی پێکردووە و هێزەکانی ئەمەریکا بە سەرکەوتوویی 150 زیندانی داعشیان لە گرتووخانەیەکی حەسەکە لە سووریاوە بۆ شوێنێکی پارێزراو لە ناو خاکی عێراق گواستووەتەوە و ئامانجییانە نزیکەی 7000 چەکداری دەستگیرکراوی داعش لە سووریاوە بگوازرێنەوە بۆ گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق.