لاڤرۆڤ: لە دانوستانەکان سازش لەسەر بنەما سەرەکییەکانمان ناکەین
وەزیری دەرەوەی رووسیا، رایگەیاند، مۆسکۆ هیچ گۆڕانکارییەک لەو هەڵوێستانەدا ناکات کە لە میانی دانوستانە سێقۆڵییەکانی ئەبوزەبیدا لەگەڵ واشنتن و کیێڤ خستوونیە روو.
چوارشەممە 11ـی شوباتی 2026، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شاندی وڵاتەکەی لە گەڕی دووەمی دانوستانەکاندا کە لە 4 و 5ـی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، پابەندی هەمان ئەو بنەمایانە بوون کە لە گەڕی یەکەمدا پێشکەشیان کردبوو، گوتیشی: "ئێمە ئەم هەڵوێستانە ناگۆڕین."
وەزیری دەرەوەی رووسیا، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە میانی کۆبوونەوەکاندا داوا لە رووسیا کراوە سازش نیشان بدات، بەڵام ئەو رەتیکردەوە و گوتی: "سازشکردن لەسەر ئەو بنەما سەرەکییانەی کە ژیانی دەوڵەت و ملیۆنان مرۆڤیان پێوە بەستراوەتەوە ناکرێت".
لە لایەکی دیکەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، ئاشکرای کردووە، لە دانوستانەکانی ئەبوزەبی ئەنجامی بەرچاویان هەبووە و مۆسکۆ و کیێڤ لەسەر ئاڵوگۆڕی 314 دیلی جەنگ گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.
ویتکۆف ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوو شاندی رووسیا و ئۆکرانیا بەنیازن لە هەفتەکانی داهاتوودا بەردەوام بن لە راوێژەکانیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان.
ئەم قسانەی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە دوای ئەوە هات، دووەم گەڕی دانوستانە سێقۆڵییەکان لە پایتەختی ئیمارات بەڕێوەچوو، خولی یەکەم لە 23 و 24ـی کانوونی دووەمی رابردوو بە سەرۆکایەتی ئیگۆر کۆستیوکۆڤ، بەرپرسی هەواڵگریی سوپای رووسیا، سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکان بەڕێوەچوو.
ئۆکرانیا و رووسیا لەمانگی کانوونی دووەمەوە، دوو گەڕی دانوستانەکانیان بە چاودێری ئەمریکا لە ئەبوزەبی ئەنجامداوە.
دووەم گەڕی گفتوگۆکان کە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە رابردوو ئەنجامدراوە، بەبێ ئەوەی هیچ پێشکەوتنێک لەسەر کێشە سەرەکییەکان بەدی بێت، بەتایبەتی پرسی خاکە کێشە لەسەرەکان، بەڵام هەردوولا دەیان سەربازی دیلیان ئاڵوگۆڕ کرد.
لە شوباتی 2022، رووسیا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەم وڵاتەی داگیرکرد، هەروەها دەیان هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون و برینداربوون و بە ملیۆنان کەسیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.