حاڵەتەكانی مردن بە كۆرۆنا لە جیھان 1.7 ملیۆنی تێپەڕاند و ئەمەریكا لەسەرووی لیستەكەیە

ئەمەریكا لە پلەی یەكەمە بە زیاتر لە 18.6 ملیۆن حاڵەتی تووشبوون و 339 ھەزار حاڵەتی گیان لەدەستدان

رێزبەندی دەوڵەتانی لە رووی زیانی كۆرۆناوە
رێزبەندی دەوڵەتانی لە رووی زیانی كۆرۆناوە

K24 – ھەولێر:

ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ھەر لە ھەڵكشان دایە و ژمارەی گیان لەدەستدان بەھۆی ئەو پەتایەوە لە جیھاندا گەیشتە یەك ملیۆن و 741 كەس و ژمارەی تووشبووانیش گەیشتە 79.3 تووشبوو.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش لە پلەی یەكەمە لە لیستی ئەو دەوڵەتانەی زیاترین زیانیان لە ئەنجامی پەتاكە پێگەیشووە و كۆی گشتی ژمارەی تووشبووانی  كۆرۆنا تاكو ئێستا 18.6 ملیۆن حاڵەتی تێپەڕاندووە و ژمارەی گیان لەدەستدانیش، لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاكە لەو وڵاتە گەیشتووەتە زیاتر لە 339 ھەزار حاڵەت.

بەرازیل لە ئەنجامی تەشەنەكردنی پەتاكە 190 ھەزار حاڵەتی مردنی تۆماركردووە و كۆی گشتی تووشبووانی كۆرۆنا 7.4 ملیۆنی تێپەڕاندووە.

ھندستان لە پلەی سێیەمدا دێت لە رووی ژمارەی مردن بەو پەتایەوە، بە 147 ھەزار حاڵەت و زیاتر لە 10.1 ملیۆن حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا لەسەرەتای بڵاوبوونەوەیدا تۆماركراوە.

دوای ئەو مەكسیك دێت و ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە مایەی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 121 ھەزار كەس و ژمارەی تووشبووانیش یەك ملیۆن و 362 كەسی تێپەڕاند.

ئیتالیا لەسەر ئاستی جیھان لە رێزبەندی پێنجەم دێت لە رووی مردن بە كۆرناوە و تاكۆ ئێستا نزیكە 71 ھەزار حاڵەتی مردنی تۆماركردووە و ژمارەی تووشبووانیش دوو ملیۆن حاڵەتی تێپەڕاندووە.

لە رووی ژمارەی مردووان بەكۆرۆنا بەریتانیا بە پلەی شەشەم دێت و ژیانی نزیكەی 63 ھەزار كەسی لەناوبردووە و ژمارەی تووشبوووانیش تاكۆ ئێستا گەیشتووەتە نزیكە 2.2 ملیۆن حاڵەت.

دواتر لە رێزبەندەكەدا فەرەنسا دێت، بە گیان لە دەستدانی 62 ھەزار كەس و ژمارەی گشتی تووشبووانیش گەیشتە نزیك 2.6 ملیۆن كەس.

لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئێران لە نێو دەوڵەتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لە ھەموویان زیاتر زیانی پێكەوتووە و زیاتر لە 54 ھەزار حاڵەتی گیان لەدەستدانی تۆماركردووە بەھۆی ئەو پەتایەوە و ملیۆنێك 1823 حاڵەتی تووشبوونی تۆماركردووە. دوای ئەو رووسیا دێت بە تۆماركردنی زیاتر لە 51 ھەزار حاڵەتی مردن و دوو ملیۆن و 934 حاڵەتی تووشبوون.

سەرچاوە: پەیمانگای جۆنز ھۆبكنز + RT