بارسێلۆنا هەمیشە لە شەوانی پێنجشەممە براوە بووە
ئامارە مێژووییەكانی نێوان ئاتڵێتیكۆ مەدرید و بارسێلۆنا
بارسێلۆنا دوای بردنەوە قورسەکەی قۆناغی رابردووی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ئالباسێتی پلەدوو، ئەمجارەیان لە قۆناغی پێشکۆتایی جامەکە و لە یاری چوون و لە شاری مەدرید، رووبەڕووی یانەی ئاتڵێتیکۆ مەدرید دەبێتەوە. بارسێلۆنا ئەم وەرزە یەکەمجارە بەرامبەر یانەیەکی لالیگا لە جامی شا یاری دەکات.
لە قۆناغی پێشكۆتایی جامی شا، بارسێلۆنا سبەی پێنجشەممە لە كاتژمێر 11:00ـی شەو لە یاری چوون و لە شاری مەدرید، دەبێتە میوانی یانەی ئاتڵێتیکۆ مەدرید.
بارسێلۆنا ئەم وەرزە یەکەمجارە بەرامبەر یانەیەکی لالیگا لە جامی شا یاری دەکات، بلاوگرانا لە سێ قۆناغی رابردووی جامی شای ئیسپانیا، بەرامبەر گوادالاراخای پلەسێ و رایسینگ و ئالباسیتی پلەدوو یاری کردووە.
پێش یارییەکە هەواڵێکی ناخۆش گەیشتە ستافی راهێنەرانی بارسێلۆنا و هاندەرانی یانەکە، ئەویش پێکانی مارکوس راشفۆرد هێرشبەری یانەکە بوو، ئەو یاریزانە لە یاری رابردوو بەرامبەر مایۆرکا تووشی پێکان بوو، بۆیە بەشداری یارییەکەی بەرامبەر ئاتڵێتیکۆ مەدرید ناکات.
هانزی فلیک راهێنەری ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە رایگەیاند، ئاتڵێتیکۆ مەدرید تیپێکی زۆر بەهێزە و خاوەنی راهێنەرێکی نایابن، بۆیە یاریکردن بەرامبەر ئەو یانەیە ئاسان نابێت.
فلیك گوتیشی: ئێمە لەم قۆناغە بەرامبەر یانەیەکی زۆر بەهێز و باش یاری دەکەین، من یاری ئاتڵێتیكۆم بەرامبەر ریاڵ بێتیس لە قۆناغی رابردووی جامی شای ئیسپانیا بینی، زۆر سەرسامی یاری کردنی یاریزانەکانی رۆخێ بلانکۆس و ئاستی ئەو تیپەم، ئەو شێوازە یارییەی دیێگۆ سیمیۆنێ لە ئاتڵێتیکۆ مەدرید دروستی کردووە زۆر سەرنجڕاکێشە. بۆیە پێشبینی دەکەم یارییەکی زۆر قورس چاوەڕێمان بکات.
لەبارەی رافینیای بەرازیلی، راهێنەری بارسێلۆنا جەختی لەوە كردەوە رافینها یاریزانێکی زۆر گرنگە بۆ ئەوان، دەشڵێت: دەبێت چاودێرییەکی باشی رافینیا بکەین، ئەو یاریزانێکە بە هەموو توانایەک هەوڵی باشترین شتەکان دەدات. هەموو یاریزانەکان بۆ ئێمە گرنگن و بەبێ جیاوازی سەیری هەمووان دەکەین.
فلیك دەشڵێت: وەرزی ڕابردوو لە جامی شا یەکەمجار لە بارباسترۆ یاریمان کرد، دواتر یاری دووەم بەرامبەر بێتیس بوو، دوای ئەوە ڤالێنسیا بوو، بەڵام ئەنجامەکان بۆ ئێمە زۆر ئاسانتر بوون لە یارییەکانی وەک ئەلباسێت یان سانتاندێر، پێویستە ڕێز لەو تیپانە بگرین. ئەوان سەرکەوتوو بوون، کوالێتییان هەیە، لە هەموو یارییەکدا نیشانیان دا کە دەتوانن لە تیپە پلەیەکەکانیش ببەنەوە''.
ئامارەكانی نێوانیان
بارسێلۆنا و ئاتڵێتیکۆ مەدرید پێشتر 18 جاری دیکە لە قۆناغی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، لەو 18 یارییەش بارسێلۆنا لە 9 یاری براوە بووە، لە بەرامبەردا ئاتڵێتیکۆ مەدرید لە شەش یاری براوە بووە.
هەردوو یانە بە دەگمەن شەوانی پێنجشەممە یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، ئەم یارییە دەبێتە پێنجەم رووبەڕووبونەوەیان لە شەوی پێنجشەممە، پێشتر تەنیا چوار یارییان بەرامبەر یەکتری لەو شەوەدا کردووە، لەو چوار یارییەش بارسێلۆنا سێجار براوە بووە.