کونسوڵخانەی ئەمریکا و هێزەکانی پێشمەرگە مەشقێکی هاوبەش ئەنجام دەدەن

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی شوباتی 2026، لە راگەیەندراوێکدا کونسوڵخانەی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ھەولێر ڕایگەیاند؛ پێشوازییان لە یەکەی سەگی پۆلیسی (K9)ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە کردووە بۆ ئەنجامدانی مەشقێکی ھاوبەشی تایبەت بە دۆزینەوەی تەقەمەنی. 

لە بەشێکی راگەیاندراوەکەدا هاتووە؛ مەشقەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی ئاسایشی ھەرێمی و گرووپی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق بەڕێوەدەچێت.

ئەم چالاکییە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ یادی (Freedom250) لە تەممووزی ئەمساڵدا، تێیدا جەخت لەسەر بەها هاوبەشەکانی ئاسایش و ئەو پەیوەندییە مێژووییانە کرایەوە کە لە 250 ساڵی ڕابردوودا ئەمریکای بە جیهان و هاوبەشەکانییەوە بەستووەتەوە، بەتایبەتیش پەیوەندییە بەردەوامەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە.