وەزیری تەندروستی: هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە 11 ملیار دینار بۆ کڕینی دەرمان خەرج دەکات

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکوومەتی هەرێم بە فەرمی ئەنجامەکانی سەرژمێری گشتی لە عێراق رەت دەکاتەوە و هۆشداری دا لەوەی کە ئەم ئەنجامانە دەبنە هۆی زەوتکردنی مافە تەندروستییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

سەرژمێری و بە سیاسییکردنی ئامارەکان
د، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی گوتی: وەزارەتی پلاندانانی عێراق پابەندی ئەو بڕیار و رێککەوتنانە نەبووە کە پێشتر لە نێوان هەولێر و بەغدا کرابوون، بەتایبەت لە پرسی ناوچە دابڕێنراوەکانی ماددەی 140 و ئەژمارنەکردنی ئاوارەکان بۆ سەر پشکی هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم سەرژمێرییە ستەمێکی گەورەیە و گومانمان لە سیاسییبوونی پرۆسەکە هەیە، چونکە کاریگەری نەرێنی راستەوخۆی لەسەر بودجەی ساڵی 2026 و خزمەتگوزارییەکان دەبێت."

بەغدا تەنیا 41%ـی دەرمان دابین دەکات
سەبارەت بە کێشەی کەمی دەرمان، سامان بەرزنجی ئاشکرای کرد، کە حکومەتی فیدراڵ تەنیا 41%ـی پێداویستی دەرمانی هەرێم دابین دەکات، بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە گەورەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت، مانگانە بڕی 11 ملیار و 200 ملیۆن دینار بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستی پزیشکی خەرج دەکات.

وەزیری تەندروستی روونیکردەوە، ئەو بڕە پارەیە تەنیا بۆ دەرمانی گشتی نییە، بەڵکو دابینکردنی دەرمانی شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی دڵ و چاککردنەوەی ئامێرە پزیشکییەکانیش دەگرێتەوە کە لە بنەڕەتدا دەبێت بەغدا لە چوارچێوەی "بودجەی حاکیمە"دا دابینیان بکات.

فشار لەسەر کەرتی تەندروستی هەرێم
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، وەزیری تەندروستی جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان لە ئێستا خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش بە زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار ئاوارە و پەنابەر دەکات، هەروەها ئاماژەی بەوە دا، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ وەرگرتنی چارەسەر دێنە نەخۆشخانەکانی هەرێم، ئەمەش فشارێکی زۆری خستووەتە سەر بودجە و دەرمانی هەرێم بەبێ ئەوەی بەغدا هاوکارییەکی ئەوتۆ بکات.

وەزیری تەندروستی داوای کرد کە مافە تەندروستییەکانی هاووڵاتیان نەکرێنە قوربانی ململانێ سیاسییەکان و لە بودجەی داهاتوودا شایستە داراییەکانی کەرتی تەندروستی هەرێم بە تەواوی جێگیر بکرێن.