پرۆژەی رووناکی لە چوار قەزای دهۆک جێبەجێ دەکرێت
بەمزووانە پرۆژەی رووناکی دەگاتە هەر چوار قەزای سێمێل، شێخان، ئاکرێ و بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دهۆک.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی شوباتی 2026، ئەندازیار حازم محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای پارێزگای دهۆک بە بێوار حلمی، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، دوای جێبەجێکردنی پرۆژەی رووناکی لە سەنتەری دهۆک لە ساڵی رابردوو، ئێستا کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتییانی سەنتەری شار بەردەستە. پێویستییان بە کارەبای مۆلیدە نەماوە و نزیکەی 450 مۆلیدە کوژێنراونەتەوە.
ئەندازیار حازم محەممەد هەروەها گوتی: "ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی رووناکی لە هەردوو قەزای سێمێل و شێخان. ئامادەکارییەکان کۆتاییان هاتووە و لەم نزیکانەدا دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. پاشان لە هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەشیش دەست پێ دەکات."
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای پارێزگای دهۆک روونیشی کردەوە، بەپێی پلانی دانراو، تا ناوەڕاستی ئەمساڵ لە تەواوی پارێزگای دهۆک کارەبا دەبێتە 24 کاتژمێری. هەموو مۆلیدەکان دەکوژێنرێنەوە و خەڵک چیتر پێویستییان پێیان نابێت.
پرۆژەی رووناکی، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. ئەم پرۆژەیە ئامانجی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ هەموو ماڵ و شوێنە گشتییەکان لەرێگەی سیستەمێکی پێشکەوتووی زیرەک و پریپەید (Prepaid).
پرۆژەکە سەرەتا لە گەڕەکی شادیی هەولێر وەک نموونە جێبەجێ کرا و دوای سەرکەوتنی، بۆ دهۆک و ناوچەکانی تری هەولێر گواسترایەوە. حکوومەت پلانی هەیە تا کۆتایی ساڵی 2026، ئەم سیستەمە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
ئەم هەنگاوە تێچووی کارەبا لەسەر هاووڵاتییان کەمدەکاتەوە، چونکە تەنیا یەک کرێی کارەبا دەدەن و لە پارەی مۆلیدەی ئەهلی رزگاریان دەبێت، هاوکات دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە و ژاوەژاوی ناو شارەکان.