ئێران: ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆیی عێراق ناكەین، خۆیان راوێژمان پێدەكەن

"لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق په‌یوه‌ندی ئه‌رێنییان له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌یه"

ئاڵای عێراق و ئێران - ئەرشیف
ئاڵای عێراق و ئێران - ئەرشیف

K24 - ھەولێر

باڵیۆزی ئێران له‌ بەغدا رایگەیاند، وڵاته‌كه‌ی ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراقدا ناكات.

ئیره‌ج مه‌سجدی باڵیۆزی ئێران له‌ عێراق له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "تاران ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق دا ناكات، به‌ڵام لایه‌نه‌كان خۆیان ده‌یانه‌وێت راوێژ له‌گه‌ڵ ئێران بكه‌ن".

باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ئاماژەی بەوەشدا، كه‌ ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق په‌یوه‌ندی ئه‌رێنییان له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌یه‌.

مەسجدی، سه‌ردانه‌كه‌ی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رپرسێك پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌ و رایگەیاند، جموجۆڵه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ عێراق، له‌ چوارچێوه‌ی به‌هێزكردنی حكومه‌ت و هاندانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌ بۆ یه‌كگرتوویی.

ئەمە لەكاتێكدایە كە بەشێك لە سەركردە سیاسییەكان و چاودێرانی سیاسی ئێران و ئەمەریكا بە ھۆكاری گرژییەكانی عێراق تۆمەتبار دەكەن، لە دوایین كاردانەوەشدا موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێكدا دەڵێ: "من رووی بانگه‌وازه‌كه‌م له‌ كۆماری ئیسلامی ئێرانی دراوسێی "خۆشه‌ویست" ده‌كه‌م، عێراق له‌ ململانێكانی به‌دوور بگرێت و له‌ ته‌نگانه‌شدا پشتی تێناكه‌ین، ئه‌گه‌ر رێز له‌ سه‌روه‌ری عێراق و حكومه‌ت و سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌ی بگرێت".