پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارێکی لە بارەی رۆژئاوای کوردستان پەسەند کرد

پەرلەمانی ئەوروپا لە بڕیارنامەیەکی نوێدا، بە توندی سەرکۆنەی توندوتیژییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکات و هۆشداری دەدات لەوەی بەئامانجگرتنی هاووڵاتییان و پێشێلکارییەکان دژی کورد، رەنگە بگەنە ئاستی "تاوانی جەنگ". هاوکات پەرلەمانتاران داوا لە حکوومەتی سووریا  دەکەن مافە سیاسی و رۆشنبیرییەکانی کورد لە دەستووردا جێگیر بکات.

پێنجشەممە، 12ـی شوباتی 2026، پەرلەمانی ئەوروپا لە لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیارنامەیەکی تایبەتی سەبارەت بە دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا پەسەند کرد. 

لە بڕیارنامەکەدا کە بە دەنگی (363) پەرلەمانتار پەسەند کرا، جەخت لەسەر سێ تەوەرەی سەرەکی کراوەتەوە: گرنگیی سەقامگیری بۆ گواستنەوەی دەسەڵات، پاراستنی فرەیی نەتەوەیی و ئایینی بە تایبەت مافەکانی کورد، هەروەها چڕکردنەوەی هەوڵەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش.

پەرلەمانتارانی ئەوروپا لە بڕیارنامەکەدا ئاماژە بەوە دەدەن کە کوشتن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، کۆچپێکردن و هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی، بە پێشێلکاریی مەترسیداری یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی دادەنرێن و لە هەندێک حاڵەتدا دەچنە خانەی "تاوانی جەنگ"ەوە.

بە پشت بەستن بە راپۆرتە باوەڕپێکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان، پەرلەمان نیگەرانیی خۆی نیشان داوە سەبارەت بەو پێشێلکارییانەی دەکرێنە سەر دانیشتووانی کورد، لەوانە: "شێواندنی تەرم، وێرانکردنی گۆڕستانەکان و بەکارهێنانی تەقەمەنیی لە ناوچە مەدەنییەکان".

پەرلەمانی ئەوروپا پێشوازی لە رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان "دیمەشق و هەسەدە" دەکات. پەرلەمانتاران جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە دان بە مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی کورددا بنرێت و داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەن پابەندی رێککەوتنەکان بن.

هەروەها پەرلەمان هۆشداریی دەداتە تورکیا، کە خۆیان بە دوور بگرن لە هەر کردەوەیەکی سەربازی یان پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکان کە ببێتە هۆی تێکدانی ئاگربەستەکە.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارنامەکەدا هاتووە کە سەقامگیری لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ پرۆسەی گواستنەوەی سیاسیی دادپەروەرانە.

پەرلەمانتاران داوا لە دەسەڵاتدارانی سووریا دەکەن پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی سەرجەم پێکهاتەکان (عەرەب، کورد، سوننە، شیعە، عەلەوی، مەسیحی، درووز و ئێزیدی) زامن بکەن.

بڕیارنامەکە بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەدات کە "دانپێدانانی تەواو، یەکسانیی مافەکان و بەشداریپێکردنی سیاسیی کورد، مەرجی دانەبڕاون بۆ سووریایەکی سەقامگیر" و داوا دەکات حکوومەتی سووریا ئەم مافانە لە دەستووردا بچەسپێنێت، هاوتەریب لەگەڵ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکە

 

نیگەرانی لە کشانەوەی ئەمریکا و دۆسیەی داعش

پەرلەمانی ئەورووپا نیگەرانە لە بڕیاری ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا و عێراق و داوا لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دەکات هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ رێگریکردن لەوەی داعش جارێکی دیکە ببێتەوە بە هەڕەشە بۆ سەر ناوچەکە و ئەورووپا. پەرلەمان رۆڵی یەکلاکەرەوەی هێزە کوردییەکان، بە تایبەت ژنانی شەڕڤان، لە تێکشکاندنی داعشدا بەرز دەنرخێنێت.

سەبارەت بە زیندانیانی داعش، پەرلەمانتاران هۆشداری دەدەن لە مەترسیی هەڵاتنی چەکدارانی داعش لە گرتووخانەکان و کەمپەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە گواستنەوەی بەرپرسیارێتیی ئەو زیندانییانە بۆ عێراق، نادڵنیایی دروست دەکات.

پەرلەمان داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات هاووڵاتییانی خۆیان، بە تایبەت منداڵان، لە کەمپەکانی "هۆل و رۆژ" وەربگرنەوە و دادگاییکردنی گەورەکانیش لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی دادپەروەرانەدا ئەنجام بدەن.

پەرلەمانی ئەورووپا جەخت دەکاتەوە کە هەر جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ سووریادا، دەبێت مەرجدار بێت بە بوونی پێشکەوتنی بەرچاو لە پاراستنی مەدەنییەکان، پابەندبوون بە ئاگربەست و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و کەمینەکان.