کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامێکی ئەمریکا تاوتوێ دەکات
عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت: لەلایەن بەرپرسانی عومانەوە پەیامێکی ئەمریکییەکانی وەرگرتووە و لە تاران تاوتوێی دەکەن، ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆم و ئاژانسی ئەتۆمی ئێرانیش لەسەر یەدەگی یۆڕانیۆمی پیتێندراو مشتومڕیانە.
میدیاکانی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی شوباتی 2026، بڵاویانکردووەتەوە، لاریجانی دوای گەڕانەوەی لە گەشتەکەی بۆ کەنداو رایگەیاندووە، بۆ گەڕێکی دیکەی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان شاندی ئێران و ئەمریکا، هێشتا کات دیاری نەکراوە، بەڵام هەردوولا پێیان باشە درێژە بە دانوستان بدەن.
راشیگەیاندووە، دەبێ شاندی دانوستانکاری هەردوو وڵاتە لە پایتەختەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکانیان راوێژ بکەن، بۆ ئەوە دانوستان ئەنجامی ئەرێنی و درێژە پێدانی هەبێت.
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت: لە سەردانەکەمدا بۆ عومان و قەتەر، هیچ پەیامێکم بۆ ئەمریکا نەناردووە، بەڵام دۆستانمان لە سەڵتەنەی عومان لەگەڵ ئەمریکییەکان بەردەوامن لە پەیوەندیی و لەلایەن ئەوانەوە پەیامێکی ئەمریکییەکانمان پێگەیشتووە، بۆ ئەوەی لە تاران تاوتوێیان بکەین.
عەلی لاریجانی بەر لە گەڕانەوەی بۆ تاران لە قەتەر لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵێکی ئەو وڵاتە، ئاماژەی بە ناوەرۆکی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکای کردووە و رایگەیاندووە، بەرنامەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزا سەپێندراوەکان بابەتی سەرەکی دانوستانەکانە.
لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە، رافائێل گرۆسی، سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە شوێنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی 60%ی ئێران، رایگەیاندووە، ناتوانێ بە تەواوەتی دڵنیایی بدات، بەڵام گوێرەی سەرچاوەکان یۆرانیۆمی پیتێندراو، لەو دامەزراوە ئەتۆمییانە هەڵگیراون، کە حوزەیرانی ساڵی رابردوو لە لایەن ئەمریکاوە بۆمباران کران.
گرۆسی دەڵێت: بۆ دڵنیابوون لەم بابەتە پێویستە سەردانی دامەزراوەکان بکەن و ناکرێت تەنیا پشت بە سەرچاوەکان ببەستین، هۆشداریدا، شێوازی هەڵگرتنی ئەو یۆرانیۆمە پیتێندراوە، زیان و مەترسیی هەیە.
بەڵام بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن "دوای بۆمبارانکردنی دامەزاروە ئەتۆمییەکان لەلایەن ئەمریکاوە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هیچ رێکارێکی یاسایی بۆ دەستپیکردنەوەی چاودێریی دامەزراوەکان نەگرتووەتە بەر.
لەمبارەوە محەممەد ئیسلامیی، بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران دەڵێت؛ ئەگەر ئاژانسی نێودەوڵەتی لەگەڵ هێرش بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هاوڕایە پێویستە رای بگەیەنێت، ئەگەر نا، پێویستە ئیدانەی بکات و یاسا و رێساکانی دوای جەنگ دیاری بکات، بۆ ئەوەی تاران بە گوێرەی میکانیزمی نوێ هاوکاریان بێت.
بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی جەختی لەوەش کردەوە، تا ئەو کاتەی ئەم بابەتە یەکلایی نەکرێتەوە، گوشارە سیاسی و دەروونییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی قبووڵ ناکەن.
هەروەها بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ستراتیژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران دەڵێ "ئەگەر لە ناوچەکەدا جەنگ رووبدات گەرووی هۆرمز دادەخرێت".
جەلال دێهقانی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ستراتیژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران، هۆشداریدا لە ئەگەر روودانی جەنگ لە ناوچەکەدا، ئاگر تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە و گەرووی هۆرمز دادەخرێت، بەمەش چین یەکەم وڵاتە زیانی پێدەگات. هەروا رووسیا، تورکیا و وڵاتانی کەنداو هەموویان هەوڵدەدەن لە پێناو بەرژەوەندییەکانیان دۆخەکە هێور بکەنەوە و رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگ بکەن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئێران جەختی لەوە کردووەتە لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ هەموو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەدا دەکاتە ئامانج.
دێهقانی ئاماژە بە جەنگی 12 رۆژەی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: لە ئەو جەنگەدا، لە 22ی حوزەیرانی ساڵی رابردوو ئەمریکا هێرشیکردە سەر سێ دامەزراوەی سەرەکی ئەتۆمی لە فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان، بەڵام چارەسەری بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە هێرشی سەربازیی ناکرێت و تەنیا رێگە دیپلۆماسە، هەرچەندە ئەمە بۆ ئەمریکا سەلمێنراوە، بۆیە متمانەمان بە ئەمریکا نییە و دەبێت بە تەواوەتی ئامادە بین.
لەلایەکی دیکەوە، سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بە کەناڵی فۆکس نیووزی راگەیاندووە، حکوومەتی ئێران چ لە بازاڕە داراییەکان، چ لە گۆڕەپانی سەربازی و چ لە کەرتی گەنجینەدا لە زمانی توند نەبێت، تێ ناگات.
بێسێنت دەڵێت: دوای گورە ئاسمانییەکانی نیوەشەوی حوزەیرانی ساڵی رابردوو بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئێستا دۆناڵد ترەمپ زیاتر دەتوانێت ئێران ڕازی بکات پابەبدنی خواستەکانی ئەمریکا بێت.